هەرێم نیوز
ناوەندی فەرماندەیی پاراستنی گەل (نەپەگە) هەڵوێستی خۆی لە بارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان و بڕیاری پەکەکە بۆ ئاگربەست ڕاگەیاند و دەڵێت: بڕیاری ئاگربەستی پەکەکە لە 1ی ئاداری 2025دا هەموو هێزەکانمان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ڕایگەیاند، “لە چوارچێوەی بانگەوازییە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەو ئاگربەستەی کە پارتیمان پەکەکە، لە 1ی ئاداری 2025دا ڕایگەیاندووە هەموو هێزەکانمان دەگرێتەوە. پێویستە هەموو فەرماندەکان و یەکینە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر ئەو بڕیارەی پارتیمان بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن و بە تەواوی جێبەجێی بکەن”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرباری ئاگربەست، بەڵام مافی بەرگرییان هەیە لەو هێرشانەی لە لایەن تورکیاوە دەکرێتە سەریان و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بێگومان لە بەرامبەر هەر هێرشێک کە ڕووبدەن مافێکی ڕەوای هێزەکانمانە کە بەرگری لە خۆیان بکەن و لە چوارچێوەی مافی پاراستنی خۆیان و وەڵام بدەنەوە. هەروەها هێزەکانمان لەبەرانبەر هێرشە بەردەوامەکاندا مافی خۆیانە وەڵام بدەنەوە”.
ئاماژە بەوەشدراوە، “بە تایبەت ئەم بڕیارە بۆ هێزەکانمان لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ هەموو تیمە فیداییە تایبەتەکان و هەموو یەکینە خۆبەڕێوەبەرییەکان، یەکینەکانی پاراستنی جەوهەری ماک، یەپەسە و هتد دەگرێتەوە و دەبێت هەمووان فەرمانەکە جێبەجێی بکەن، هەموو پێکهاتەکانی کە خاوەن خەسڵەتی تەڤگەری خۆبەڕێوەبەرن، دەبێت بەپێی ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای خۆپاراستن لە نوێوە خۆیان جێگیر بکەن، لەم پرۆسە گرنگەدا دەبێت هەموو هێزێکی ئێمە بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن و لە هەر هەلومەرجێکدا بێت ئەرکی خۆپاراستنیان بەهێز رابگرن”.
نەپەگە جەختیشیکردەوە کە “لەم پرۆسە مێژووییەدا بۆ ئەوەی لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا هەڵوێست و تێکۆشانێکی تەواو بەڕیوە ببەن، دەبێت هەموو هێزەکانی هەپەگە و یەکینە پەیوەندیدارەکانی هەستیار بن و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن، بەرامبەر بە بارودۆخە تێکدەرانەکان کە دەکرێت ڕووبدەن دەبێت وریا بن و بەرامبەر بەم بارودۆخانە هوشیار و ئاگادار بن”.
ڕاشیگەیاند، “ئێمە لەو باوەڕەداین هەموو هەڤاڵانمان بەرپرسیارانە ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو فەرماندە و شەڕڤانان دەکەین، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، کۆمیتەی جێبەجێکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە وەڵامی پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ئاگربەستی ڕاگەیاند و جەخت دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەریان هیچ چالاکییەکی چەکدارییان نابێت. ئازادکردنی ئۆجەلانیشیان کردووەتە مەرجی بەستنی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.