هێمن عەبدولقادر
نیتچە دەیگووت (ئەگەر ئێمە هەمیشە بۆچیەکمان هەبێت ، بەنزیکەی وەڵامی هەموو چۆنەکان دەزانین) ئەگەر ئێمە بزانین بۆ چی دەبێت لێخۆش بوونمان هەبێت، تەقریبەن وەڵامی هەموو چۆن ژیانەکانمان دەدەینەوە.
ئەوانەی کە دەزانن بۆچی دەبێت لێبوردنیان بەرامبەر ژینگە درەخت ، ئاژەڵ ، مرۆڤ هەبێت ، تەقریبەن ئەزانن چۆن بە ئارامتر بژین
................................
ئەبو ئیسحاقی شەهریاری تەکیەیەکی گەورەی هەبوو ، جوولەکەیەک بەڕێبواری ڕێی کەوتە تەکیە و چەند ڕۆژێک خزمەتی زۆریان کرد ، پاشان مۆڵەتی ڕۆشتنی خواست ، ئەبو ئیسحاق فەرمووی (ئەی جوو بۆ دەڕۆی ، ئەڵێی شوێنەکە و خوانەکەمانت بەدڵ نییە) ، کابرا شەرم گرتی وتی قوربان کە چەند ڕۆژە دەزانیت من جووم ئەو هەموو رێز و نازەت بۆ لێگرتم ؟
ئەویش وەڵامی دایەوە (لە دونیادا هیچ سەرێک نییە دوو نان نەهێنێت!) ، هیچ مرۆڤێک نییە لە دونیادا ، هیچ کێشەیەک نییە لە ژیاندا یەک دووجار لێبووردن و خۆشەویستی و دەرفەتدان نەهێنێت.
(خودا بەندەی تاوانباری خۆی بەجۆرێک بەرەو میهرەبانی بانگ دەکات ، دەڵێی ئەو پیویستی بەوانە)
بۆیە دەبێت لە تاوانبارەکانیش ببورین ، نەک لەبەر ئەوەی هیچ هەڵەیەکیان نەکردووە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەر بەڕاستی هەموو کەس دەبێت دەرفەتی لێبووردنی بخرێتە بەردەست تا خۆی چاک بکات .
..............................
(مرۆڤ ئەگەر چنگێک مەرگەمووش یان دەرمانی مشک کوژ بخوات ، نابێت چاوەڕێی ئەوەبێت مشکەکە بمرێت ، شتی وا ڕوو نادات ، دەبێت چاوەڕێ بێت خۆی بمرێت) کاتێک یەک دونیا ڕق و کینە و تۆڵە لە دەرونماندا هەڵدەگرین نابێت چاوەڕێ بین ئەوانی تر شتێکیان لێبێت ، بەڵکو ئەگەری بەهێز ئەوەیە خۆمان ئەمرین.
ئاشتی ناوەکی خۆمان یان ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ سوارچاکێک ، ئەوە ئەهێنێت کە لە لێبووردن نەترسێت ، لێبووردن لە تاوانگەلێک کە شایەنی نییە خودی (لێبووردن) دەکات بەتاوان هەندێکجار پیویست ئەکات ، ئاشتی دوا بخرێت تا ئەو کاتەی بەرامبەر ددان بەهەلەکەی خۆیدا دەنێت ، بەڵام ئەو کاتە لەبری سزا دەتوانین ببورین، ئەگەر هەر ددانیشی پێدا نەنا ، هێشتا لێبووردن بژاردەی یەکەمە. هەموو لێبوردنێک فەزیلەت نییە ، بەڵام هێشتا فەزیلەتی یەکەمە.
..............
(لنگر حلم تو ای کشتی توفیق کجاست؟
که در این بحر کرم غرق گناه آمده ایم)
لەو دەریایەی ژیان کە پڕە لە توڕەیی و شەپۆل و تاریکی و ساردی و ڕق و بێڕوحمی ، خەڵکی هانا بۆکەشتی لێبووردن دەبەن ، دووبارە دەریان بهێنێتەوە ، ئەگەر کەشتی و لێبوردنیش جێی هێشتن چی؟ خێزان پڕ ئەبێت لە قسە نەکردن پێکەوە ، کۆمەڵگا پڕ ئەبێت لە ژاوە ژاو و دەنگە دەنگ ، زیندان پڕ ئەبێت لە تاوانبار ، شەقام و شێتخانەکان ۆپڕ دەبن لە مرۆڤ ، تەنها ڕێگای دوبارە دەستپێکردنەوە لەگەڵ ژینگە و ئاژەڵ و درەخت و باڵندە و مرۆڤ ، ئەوەیە لەبەر خۆمان ببورین.
...................................
لە فیلمی (تا ئەو شوێنەی پێیەکانم هەڵیدەگرێت - as far as my feet will cary) دوای ئەوەی سەربازێکی ئەڵمانی لە کەمپی رووسەکان لە سیبیریا هەڵدێت ، چەندین مانگ ئەفسەرە ڕووسیەکە بەدوایدا دەگەڕێت لە هەموو شار و گوندێک ، لە کۆتا خاڵی پەڕینەوە لە سنووری ئێران ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەتوانێت دەستگیری بکات ، بەڵام رێگای پێدەدات بڕوات ، تەنها یەک دێڕی پێدەڵێت (دەتوانم دەستگیرت بکەم ، بەڵام بۆیە ڕێگەت پێدەدەم بڕۆیت ، بۆ ئەوەی هەتا هەتایە بە ئازاری ئەو تاوانانەوە بژیت کە کردووتە)
لێبووردن تاوانبار دەکوژێت ، خراپتر لە کوشتنی جەستەیی ، براکانی یوسف لەخۆیان ئەدا ئەگریان ، ئەیانگووت سزامان بدە ، بمانکوژە ، بەڵام لێمان مەبوورە ، ئەم لێبووردنەی تۆ دەمانکوژێت ، ئاخر بیرکردنەوەی مرۆڤێک کە چی کردووە ؟ ڕێگەی ئەوەی لێدەگرێت کە چۆن؟ بژی
نوقتە سەری دێڕ.....
.........................................................
لەبری ئەوەی کیننەمان ڕابگرین باشترە دەست بکەین بە میهرەبانی ، کاتێک لە کەسێک خۆش دەبین مانای ئەوە نییە کە پەسەندی کارە هەڵەکانی دەکەین ، بەڵکو فڕێدانی ئەو بارە قورسەیە کە ئەکەوێتە سەر ژیان و بیرکردنەوەمان ، لێبووردن مانای دەست پێکردنەوەی پەیوەندی نییە ، بەڵکو دەستپێکردنەوەیە لەگەڵ ئارامی خۆتدا.