دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی دێتە باشووری کوردستان و لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر ڕایگەیاند، بڕیارە بەم زووانە مەزڵوم عەبدی بێتە باشووری کوردستان و لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە. 

 رۆژی چوارشەممە، 15-1-2025، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئینگلیزی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، بڕیارە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بەمزووانە سەردانی شاری هەولێر بکات، بڕیاریشە لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە. 

سەرچاوەکان، کاتی سەردانەکەی عەبدییان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام یەكێک لە سەرچاوەکان رایگەیاندووە سەردانەکە "بەمزووانە" دەبێت. 

سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایگەیاند، لەکاتی سەردانی د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، بەفەرمی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاندووە. 

بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیا، د. حەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.

لەلایەکی دیکەوە، میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، مەزڵووم عەبدی سوپاسی پەیام و پشتیوانی سەرۆک بارزانی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP