هێمن عەبدولقادر
گوێدرێژ لە بەهاردا کە دەچێتە بژوێن و زەبەند ،چەنێک باری قورسی بەسەر پشتەوە بێت گوێی ناداتێ ، مادام پێش خاوەن و خێو گەیشتووە ، ئەو هەموو گوڵ و گژوگیایەی بینیوە توشی شاگەشکە و خۆشی ئەبێت، ئەڵا لەو جەوە لە لە بژوێنێ لە هەوای کوێستانێ ، کورە خۆ ئەمە سروشت لەبەر من خۆی ڕازاندۆتەوە ، چییە ئەم هەموو مێلاقە و شەو بۆ و گوڵە بەیبوونە ، چییە ئەم هەموو چوزەڵەی قەرسیل و کنگرە ، کەر لە خۆشیا دەست ئەکات بە هاوار و زەڕەزەڕ دەشت و کێو پڕ ئەکات لە دەنگە دەنگ ، کوێجکەی سروشت ئەکات کەڕ ، بەڵام گوێدرێژی بەد بەخت ، ئەوی بیرچۆتەوە هەر لەو دیو تەلان ، لە دامێنی کێوان ، بۆی دانیشتوون ، چەقەڵ ، کەمتیار ، گورگ و سەگی هار ، ڕێگر و چەتەی برسی ، کۆپار و نەقیزەی ترسی.
پاش فەترەیەک لێی گیرئەکەن ، لێی بار ئەکەن ، رەنگە هەڵبدڕن ورگی ، هیچ کەس دڵۆپێک نەرێژێت بۆ ئازاری مەرگی.
چیرۆکی مەرگی گوێدرێژ چیرۆکێکی ئازاراوییە ، یان لەژێر جەنجەڕ و گێرە و کڵۆش و بنە و جۆخین و دەستاڕدا دەمرێت ، یان گورگ سکی هەڵئەدڕێت ، یان کە پیر ئەبێت بەرەڵای دەکەن تا ئەمرێت.
مرۆڤ زۆرجار ئەکەوێت بەسەر بژوێنی کۆمەڵایەتی و خێزانی و مادی و پۆست و پلەی زانستی و ئیداریدا ، بەڵام نازانێت لەودیوی ئەوەوە چەند کەس بۆی لە کەمیندان ، خۆیان بۆ مەڵاس داوە ، بە ستۆری و وێنە و قیژە قیژ و ماڵ تێکدان و بوغرابوون و جێهێشتنی هاوسەر و کۆبوونەوەی خزمان و زیندوکردنەوەی دیوەخان و وەرەسە و ..... هتد ، چەند گورگی برسی دەهێنێتە سەر خۆی.
سەرەنجام دۆخێک بۆ خۆی ئەخوڵقێنێت کە بەهەر چوار پەلەوە تێیدا دەچەقێت و ئەوکات ئەبێت بگوترێت (قوڕەبەراز هیچ کەس لێی دەرناجێت)
بە مشکیان گووت (تۆ گیانەوەرێکی ئازایت ، جەواڵ ئەدڕی ، دار کونەکەی ، زەوی هەڵئەکەنیت بۆ تۆزێک ڕزق) ئێستا وەرە ئێمە کارێکی باشترت نیشان ئەدەین ، ئا ئەو پشیلەیە ئەبینیت لەوێ خەوتووە ، بچۆ تاڵێک لە سمێڵی ڕاکێشە ، حەوت بار گەنمت پێئەدەین تا ماویت پاڵی لێبدەیتەوە.
مشک تاوێک بیریکردەوە و گووتی (بەڕاستی کرێیەکەی کرێی چاکە ، بەڵام ڕێگاکەی بڤەیە)
کرێی خۆنمایش و هاتوو هاوار و موجازەفە و زۆر دەرکەوتن کرێیەکی باشە ، بەڵام ڕێگاکەی بڤەیە ، چونکە دونیایەک گورپە و گورگ و ڕێگر و برسی دەهێنیتە سەر خۆت.
حاجی قادر گوتەنی:-
(بەیادی کونجی تۆ "حاجی" وەکو بووم
لە مەعموورە دەچێتە ناو کەلاوە)
ڕاوچی باش وەکو کونەپەپوو وایە نە بالەکانی دەنگی دێت لە کاتی فڕیندا ، نە دەجیتە ئاوەدانی و قەرەباڵغی ، دەرکەوتنی زۆر جێدەهێلێت و کەلاوە و خوڵکەوان و وێرانە دەکاتە مەسکەن، بۆیە بۆ هەرچییەک بفڕێت دەیگرێت و کەسیش ناهێنیتە سەر خۆی.
نوقتە سەری دێڕ .....