هەرێم نیوز
قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوبەری شوێنەواری سلێمانی ئەو خانووە کەلەپورییەیان بەسەرکردەوە کە لەئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە مۆزەی هونەری مەدحەت کاکەیی و نۆژەنکردەوەی خانووەکە لەقۆناغی کۆتاییدایە.
لەو سەردانەدا ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی ئەماژەی بە هەوڵەکان بۆ پاراستنی گەڕەک و خانووە کەلەپورییەکانی سلێمانی کرد و وتی وەک بەشێک لە هەوڵەکانمان ئەم خانووە گەورە کەلەپورییە لە گەڕەکی سابونکەران دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی دەکەین بە مۆزەیەکی هونەری، سەرەڕای پاراستنی، دەبێت بە شوێنێک کە میوانان و هونەردۆستان و خەڵکی شارەکەمان سەردانی دەکەن.
وتیشی: تەرخانکردنی ئەم خانووە کە موڵکی شوێنەواری سلێمانییە بۆ کارە هونەرییەکانی هونەرمەندی کوردی جیهانیی مەدحەت کاکەیی، سەرەڕای گرنگیدان بە هونەرو هونەرمەندان، پاراستنی کەلەپور و ڕەسانایەتی شارەکەمانەو خزمەت بە رەوتی رۆشنبیری و مێژویی سلێمانی دەکات.
هونەرمەند مەدحەت کاکەیی رایگەیاند: بە هاوکاری قائیمقامی سلێمانی ئەم شوێنەم لە شوێنەواری سلێمانی وەرگرت بۆئەوەی دوای نۆژەنکردنەوەی بیکەین بە مۆزەیەک و وەکو ئەو مۆزانەی لە ئەوروپاو یابان هەمە، کارە هونەرییەکانمی تێدا نمایشت بکەم. نۆژەنکردنەوەی بیناکە لەسەر شێوازە کەلەپورییەکەی لە کۆتاییدایە.
وتیشی: لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا مۆزەکە دەکرێتەوە کە پێکهاتووە لە کارە هونەرییەکانی قۆناغە جیاوازەکانی ژیانم و پیشاندانی ئەو کارەساتانەی بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا فێرگەیەکی تایبەت بە پێگەیاندنی ئارەزومەندانی هونەری شێوەکاری تێدا دەکرێتەوە.
گەلەری مەدحەت کاکەیی دەکەوێتە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی نزیک مزگەوتی هەمزەئاغا و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕووی میواناندا دەکرێتەوە.