هەرێم نیوز
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای گەیشتنی بە بەندەری عەقەبە لە ئوردن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانوستانەکانی لەگەڵ ئەیمەن سەفادی هاوتا ئوردنییەکەی و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەم وڵاتە سەبارەت بە داهاتووی سوریا دەستیپێکرد. ئەمریکا چوار پرەنسیبی بۆ حکومەتی نوێ لە سوریا دیاریکردووە.
گەشتە بەپەلەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ دەربڕینی پشتیوانی ئەمریکا بوو بۆ "گواستنەوەی هەمەلایەنەیە لە سوریا بۆ حکومەتێک کە وەڵامدەرەوە و نوێنەری خەڵکی ئەم وڵاتە بێت".
واشنتن ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوانی بەدیهێنانی چوار پرەنسیپ دەکات بۆ حکومەتێکی ئینتقالی لە سوریا، ئەوانیش "پابەندبوونێکی ئاشکرا بۆ ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان بە تەواوی، ئاسانکاری بۆ یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، ڕێگریکردن لەوەی سوریا بنکەی تیرۆر یان هەڕەشەبێت بۆ بۆ سەر دراوسێکانی، و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو کۆگاکانی "چەکی کیمیایی لەناو دەبرێن".
بلینکن لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە واشنتۆن ئامادەیە دان بە حکومەتێکی نوێدا بنێت لە سوریا کە لەلایەن خەڵکی وڵاتەوە بە شێوەیەکی گشتگیر و شەفاف هەڵدەبژێردرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئوردنەوە دەچێتە تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوتا تورکەکەی و سەرۆکی ئەم وڵاتە سەبارەت بە سوریا. تورکیا کە زیاتر لە دە ساڵە پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەی لەگەڵ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد هەبوو، بە قووڵی دڵخۆشە بە پێشهاتەکانی دراوسێی باشووری وڵاتەکەی.