دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ترەمپ ئەگەری جەنگی دژ بە ئێران ڕەتنەکردەوە

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ڕایگەیاند، ئەگەری ڕوودانی ململانێی سەربازی بەرفراوان لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕەتناکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ترەمپ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "ئەگەری شەڕێکی تەواو لەگەڵ ئێران چییە" بە تایم-ی ڕاگەیاند: "هەموو شتێک مومکینە، دۆخەکە زۆر ناجێگیرە".

ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتێک بڵاوکرایەوە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا یاداشتێکی نهێنی ئاسایشی نەتەوەیی پەسەندکردووە کە یارمەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەدات بۆ خۆئامادەکردنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران، ڕووسیا، چین و کۆریای باکوور.

لەم بەڵگەنامەیەدا باس لە هاوکارییە سەربازی و تەکنۆلۆژییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا کراوە، لەوانە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک لەلایەن ئێرانەوە و ناردنی فڕۆکەی شەڕکەر لەلایەن ڕووسیا بۆ ئێران.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئێران و ڕوسیا لە دۆخێکی لاوازدان و ئەم دوو وڵاتە بەهۆی لاوازی ئێستایان نەیانتوانی بێنە پاڵپشتی دیکتاتۆری سوریا بەشار ئەسەد.

لەگەڵ دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ئەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەی لەگەڵ ئێران هەیەتی، سەرنجی زۆری لە ئێران و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاکێشاوە. هەندێک لە شیکردنەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ترامپ هەرچەندە دژی دەستێوەردانی سەربازی و گۆڕینی ڕێژیمە، بەڵام پێدەچێت بە خستنەڕووی زۆرترین فشار هەوڵی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بدات.

ترامپ و هاوکارە نزیکەکانی، لەوانەش ئەندامانی کابینەی ئەمنی و سەربازی، پابەندن بە بەرگری جیددی ئیسرائیل و دەیانەوێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن.

هاوکات ناکۆکییەکانی سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی و سیاسەتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵنگاری جدی ترەمپ دەبن لە داهاتوودا.

هەروەها چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران چڕتر بووەتەوە و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران توانای بەرهەمهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ بۆمبی ئەتۆمی لە کەمتر لە مانگێکدا هەیە. هەروەها گرژیی نێوان ئێران و ئەوروپا زیادی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP