هەرێم نیوز
وتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرجەم هێزەکانمان لە ئامادە باشیدان و سنووری سووریا بە باشی و تۆکمەتی پارێزراوە و هەر تیرۆریستێکیش هەوڵی بەزاندنی سنووری عێراق بدات ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى گوتووە “پاراستنی سنوورەکان کارى لە پێشینەیانە و سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا بەتایبەت باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە پارێزراوە و بەردەوام لە رێگەی درۆنەوە چاودێری دەکرێت”.
باسی لەوەشکرد: “لە پشت هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، هێزەکانی سوپای عێراق بوونیان هەیە، هەروەها دەزگای هەواڵگریی عێراق، چاودێریی هەموو جوڵەیەکی تیرۆریستان دەکات لە ئەگەری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکان، بەتوندی بەرپەرچ دەدرێنەوە”.
یەحیا ڕەسوڵ باسی لەوەشکرد، هێزەکانیان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی پێشوەختە لە دژی پاشماوەکانی تیرۆر و لەماوەی رابردووشدا شەش پێگەی داعش لە دۆڵی حۆران بۆردوومانکراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سێ رۆژە دەستەی تەحریری شام کە سەر بە تورکیان، هێرشێکی فراوانی لە ریفی حەلەب و ئیدلیب بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکردووە و گەیشتوونەتە دەروازەی حەلەب و چەندین گوند و شارەدێیان کۆنتڕۆڵکردووە.