خۆشەویستیی ببەیتە هاوسەرگیرییەوە، بە ئەگەری زۆرەوە پیر ئەبێ و ئەمرێ. لە دەرەوەی هاوسەرگیریی داینێی، بە ئەگەری زۆرەوە لەم وڵاتانەدا ئەیکوژن.
ئێمە دەزانین بۆچی لەم کۆمەڵگەیەدا خۆشەویستیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی سەرکێشییەکی گەورەیە. لای کەم، دەزانین کەمینەیەکی عەقڵداخراو باڵادەستن و تەحەمولی خۆشەویستیی ناکەن. بەڵام بۆچی خۆشەویستیی لە هاوسەرگیرییدا پییر ئەبێ و ئەمرێ؟ هەندێک لە هۆکارەکان پەیوەندییان بە دنیا کۆنەپارێز و ترادشناڵەکەوە هەیە و هەندێکیشیان کێشەی مرۆڤی مۆدێرنە.
هەردوو دنیاکە بە قازانج و زەرەر هەڵدەسەنگێنرێن. مێرد زۆربەی جار هەست دەکات بڕی ئازادییەکەی کەمی کردووە بەراورد بە سەردەمی زوگورتبوونەکەی، کێشەیەک کە زۆرجار ژن لێی تێناگات. پیاو لە ماڵی باوکی، یان لە شوقەکەی خۆیدا، ئازادییەکی فراوانی هەبووە. ئەمڕۆ ژنێک دێت و ئەم ئازادییە تا ئەوپەڕی سنوردار ئەکات: لە کوێی؟ بۆ نەهاتیتەوە؟ جا ئەمە کاتە تۆ دێیتەوە؟ بەدوایدا لچکردن و دنیایەک گیر و گاز دێت.
مێرد (ناڵێم پیاو بەگشتیی) زەرەرێکی تریش دەکات، ئەویش ئەوەیە بەرپرسە لە بەخێوکردن. لەسەر ژن حساب ناکرێت ئەگەر پارە پەیدا نەکات، بەڵام بۆ مێرد جیاوازە. مێرد ناڵێت: ئەوە ژنەکە بۆ دوو فلسمان بۆ پەیدا ناکەی؟ دەبڕۆ ئیشێک بدۆزەرەوە. بەڵام مێرد ئیشی نەبێت واتایەکی کۆمەڵایەتیی تری هەیە، زۆر نابات ژنەکەی تەلەفۆن بۆ هاوڕێیەکی ئەکات، با بڵێین ناوی شنۆیە: شنۆ، ئەزانی ئەو ملپانەی مێردم ساڵێکە ئیشی نەکردووە؟ ئاخر قەینا چۆن ئەبێ پیاو وابێ؟ شنۆی پڕکراویش بە وێنەی ناشیرینی پیاو، فێری ئەکات لێی قبوڵ نەکات و زەخت بخاتەسەری. تەنانەت ئەگەر کرێیەکی کاری کەمی هەبێت، یان ژنەکەی قبوڵی بکات کە بێکارە و بریناریشی نەکات، هێشتا بیرکردنەوەی پیاوانە رێی نادات ئاسایی وەریبگرێت کە ژنەکەی بەخێوی دەکات. لێرەوە مێرد هەست بە زەرەری دووەم دەکات: سترێسی بژێویی لەسەر شانی کەڵەکەتر دەبێت.
دەبێت لێرەدا بڵێم کە پیاو مەرج نیە لەمەدا لەسەر هەق بێ، بەڵکو بۆی هەیە شەرعیەت بە نەفس بەڕەڵاکردن بدات. یان با بڵێم بۆی هەیە جیاکاریی نەکات لەنێوان ماف و ئازادیی لەگەڵ بەڕاڵاکردنی نەفس.
بە زمانی شاعیران بڵێم:
ئەی یار، ئەگەر جوان نە ئەبویت و بۆ سێکس دەستت نەدەدا، زەحمەت بوو پیاوێکت دەست بکەوێ دێڕێک شیعرت بۆ بنوسێت.
بچمەوە سەر باسەکەم، لە دنیای پێشوودا کەمینەیەکی زۆر بچوک نەبێت هەمووان هەژار بوون. لەوێدا راکەراکی دوای پارە هێندەی ئەمڕۆ خێرا نەبوو. دەکرا خێزانێک چل ساڵ پێکەوە بن بەبێ ئەوەی ئاستی گوزەرانیان وەرچەرخانی گەورە بەخۆیەوە ببینێت. ئەوان وەفا و خۆشەویستییان هەبوو، رەنگە لەبەرئەوە بووبێت راکەراکی پارە کەمتر بوو. سیاسییەکانی دنیای کۆن بە جۆرێکی تر سەرکوتکارییان دەکرد و خێزان گرفتی نەخۆشیی و مەرگی منداڵی هەبوو. بەڵام لە پڕا کەوتینە دنیایەکەوە هەندێک ژیانیان (یان بژێویان) گەشەی کرد و هەندێک چەقین، بە تێکڕاش رێژەی مەرگی منداڵ کەم بووەوە و ژنی ئازادتر کرد.
دنیای مۆدێرن مرۆڤی گیرۆدەی گرێی گەشەکردن کرد، بەڵام هەرگیز هەمان دەرفەتی گەشەی بە یەکسانیی نەخستە بەردەست. واتە گەشە زۆرجار هاوشانی نایەکسانیی روودەدات. گەشەی بژێویی شتێکە هەمووان حەزی لێ دەکەن. گرفتەکە ئەوەیە دەشێت ئاکامەکەی پیسکردنی ژینگە بێت. بۆ نمونە، نەوت دەربهێنە و بیفرۆشە، بژێویی خەڵک باشتر دەبێت. دیوە خراپەکەی ئەوەیە ژینگە وێران دەکات. بە هەمان شێوە، لە چوارچێوەی خێزاندا پیسبوونی ژینگەکە بەوە دەچوێنم کە خۆشەویستیی دەمرێنێت و ژینگەی پەیوەندییەکە پیس دەکات (بۆ نمونە گەڕان بەدوای پەیوەندیی تردا، یان دۆزینەوەی دەرگایەک بۆ هەڵهاتن لە یەکتر).
لەو رۆژەوە خەیاڵی ئوتومبێلێک، پاشان شوقەیەک، دواتر ناوماڵێک دێتە کەللة سەرمانەوە، ئیدی ئێمە مرۆڤە ئاساییەکەی جاران نین. بەشی گەورەی پلانەکانمان بەو ئاراستەیەدا دەڕوات ئەم ئامانجانە بهێنینەدی. ئەمەش کارکردنی زیاتری دەوێت. لەلایەک ژن وەک کارمەند و وەک کڕیارێکی چالاک دێتە بازاڕ و لە لایەکەی ترەوە مەسڕەفی منداڵی مۆدێرن لە عەقڵدا نییە. لە کۆتاییدا، مێرد خۆی لە دۆخێکدا دەبینێتەوە کە بووە بە بوونەوەرێک شەکەتی دوای پارەیە و هێشتاش بەش ناکات. ساڵانە بڕێکی کەم خۆشەویستیی وەردەگرێت بەرامبەر هاتنی لیستێکی دوورودرێژی رۆژانەی پێداویستیی ماڵ و منداڵی بۆ ناو مۆبایلەکەی. ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە ئیلتیزاماتی هاوسەرگیرییە، نەک عەشق. واتە عەشق دەبێت بە ساڵانە و ئیلتیزامات دەبێت بە رۆژانە. جارێکی تریش نوسیومە کە ئەمە دۆخێکە ئێمە هەست دەکەین هاوسەرگیریی هیچی تر ناکات جگە لەوەی ئازادیی دەگۆڕینەوە بە عەشق، لەو سەرەوە هەردووکیان لە دەست دەدەین.
دنیای مۆدێرن پڕیشە لە تیمی فرۆشتن و بازاڕگەریی (Sales and Marketing teams). ئیشی ئەم دوو تیمە تەنها ئەوە نییە شمەکێک یان خزمەتگوزارییەکت لەلا خۆشەویست بکەن و بەسەرتدا ساغی بکەنەوە، بەڵکو ئەوەشە شتەکانی خۆتت لەبەرچاو بخەن، بگرە خۆشت لەبەرچاوی خۆت بخەن. تەنها لە قژ و ناوچاوتەوە تا غەبغەبەت نزیکەی دە شوێنی تیادایە کە دەبێت بە گرێیەک و تۆ دەبێت هەرچۆنێکە رزگارت ببێت لە دەستیان و بیخەیتە ئەو فۆڕمەوە خەڵک لای جوانە. باشکردنی بژێویی زۆرجار ئەوەشی تیادایە کە بچیتەسەر ڕێی گەندەڵیی. واتە نە رێگەی بوژانەوەکە باشە و نە ئەنجامەکەشی بەڵام هەر دەشتەوێت (بۆ نمونە، نایەکسانیی زیاد دەکات، عەشق لە دەست دەچێت، ململانێ لەسەر موڵک و ماڵ و منداڵ بەهێز دەبێت، هتد).
بە جۆرێکی تر بیڵێم، بۆ هەر جوڵەیەک، دوو هۆکار هەن. یەکێکیان 'پاڵنەر"ە و ئەویدیان "راکێشەرە، سەرنج ڕاکێشانە". لە کەلاوەی هاوسەرگیریی مۆد-ترادیشناڵدا، مەبەستم لەم فۆرمەی ئێستایەتی کە لەسەر سنوری دنیای کۆن و نوێ چەقیوە و ناکەوێت بە لایەکدا، شتێک یان زیاتر پاڵت پێوە دەنێت لە هاوسەرگیرییەکە رابکەیت، شتێک یان زیاتریش لە دەرەوە راتدەکێشت و پێت دەڵێت شتی زۆر خۆشتر لە هاوسەرگیریی (لە مێرد، یان لە ژن) هەیە.
لەمەش زیاتر، ئەگەر ژن لە سەرەتای هاتنە ناو هاوسەرگیرییەوە دەکەوێتە ململانێی مێرد و تۆڵەی پیاو (لەناویاندا باوک و برا) لە مێردەکەی دەکاتەوە و پەیوەندییەکە دەبێت بە شوێنی ململانێ لەسەر دەسەڵات لە بری بایەخپێدان و مەساجکردنی مەزاجی یەکتر لەم دنیا ئاڵۆزەدا، لەولاشەوە لە بازاڕدا داوای پۆست و پارە دەکات، ئەوا پیاویش تۆڵەی خۆی بەوە دەکاتەوە لە دەرەوەی هاوسەرگیرییەکە بەدوای سۆز یان/و سێکسدا بگەڕێت. با راستییەکە بڵێین، ئەگەر ژنانی ئەم وڵاتە رۆژێ لە رۆژان نهێنییەکانی ئێمەی پیاوان باس بکەن، کەممان کون ئەمێنێتەوە خۆی تیا بشارێتەوە هێندە خراپەمان بەرامبەریان کردووە. خراپی پیاو لە رستەیەکی لەم چەشنەدا دەردەکەوێ:
ژن بە هەموو جۆرێک خۆشە تەنها ژنت نەبێ.
دایک، خوشک، هاوڕێی کچ، تەنانەت لەشفرۆشیش. بەڵام ژنەکەی خۆی یان یارەکەی خۆی بە بار دەزانێت. بار و رێگر لەبەردەم نەفس بەڕەڵاکردندا.
لێرەوە هاوسەرگیریی دەبێت بە دامەزراوەیەک پتر باسی دارایی، ئاسایشی خێزان، پەیوەندییە دەرەکییەکان، هتد، دەبێت. لەمەش خراپتر، ناخی ژن و پیاو شەق دەکات، ئەوەی دەروونشیکاران ناوی دەنێن: شەقبوونی دەروونیی، یان دوورکەوتنەوە لە خود. ئیدی تۆ خۆت نیت، بەڵکو نمایش (تەمسیل) دەکەیت. هەندێک لەم مێرد و ژنانە دەکەونە گەمە(game)ێکەوە، بە شەو ژیانێکی ئاشکرایان هەیە و بە رۆژیش ژیانێکی نهێنیی. هیچیان ئازایانە ناتوانن بەوی تر بڵێین: تانکی عەشقی من بەرامبەر تۆ وشکی کرد!! قەرەبووی ئەم ترسنۆکییە بە زۆر شتی دیکە دەکەنەوە، یەکێکیان کڵاوکردنەسەرە. کڵاوکردنەسەر بە دیوێکی تردا هەوڵدانە بۆ ئەوەی رووداو لەناو هاوسەرگیرییدا دروست بکەیتەوە و نەهێڵیت ئەم چیرۆکە کە زۆرجار زوو کۆتایی دێت و لە رۆتیندا دەخنکێت، کۆتاییت پێ بهێنێت. هەوڵێکە بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی سەرکەشیی بدەیت کە لە خودی خۆیدا چێژبەخشە. بەکورتیی، شەرعییەت بە فێڵ و تەڵەکە و کڵاوکردنەسەر دەدرێت. یان با بڵێم لەم ئاستەدا و ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە خۆی نەخۆشت دەخات و شەرعیەتیی کڵاوکردنەسەر دەداتە دەستت.
بەهەرحاڵ، پرۆسەی "خۆبەکەرزانین" دەست پێ دەکات. لای ژن بە جۆرێکە و لای پیاو بە جۆرێکیتر. بۆ نموونە، مێرد جۆرێک لە 'خۆبەکەرزانین'ی تیادا دروست دەبێت لەوەدا ساویلکانە تەنهاییەکەی (واتە ئۆتۆنۆمییەکەی) گۆڕییەوە بە شتێکی پڕوپوچ و بێ مانا، لەولاشەوە تەنانەت ریکلامی برنجیش کچێکی جوان دەیکات و ئەمیش لەناوەوە نەک بۆ برنجەکە بەڵکو بۆ سیما جوانەکە دەکوڵێت. دەگات بەو شوێنەی هەر هاوڕێیەکی ئەبینێ، یان لە مەجلیسێکی پیاوانەدا دانیشێ، ئەڵێ: خۆت توش نەکەی، لە هاوسەرگیریی ناخۆشتر نیە. ئەی چی بکەین؟ وەڵا یاسای "بگرە و بەردە" بەکاربهێنە. دەشێت ژنانیش هەمان ئەزمونی تاڵ بۆ هاوڕێ کچەکانیان بگێڕنەوە و ئامۆژگارییان بکەن لای کەم "خەیاڵی هەبوونی مێرد" لە مێشکیان دەربکەن. ژنیش ئاوڕێک لە ماڵی باوکی دەداتەوە و دەبینێت هیچ ئومێدێکی تیادا نیە، شەقی مێرد باشترە لە شەقی باوک و برا، ئاهێک هەڵدەکێشێت و بەخۆی دەلێت: ئاخ خ خ خ، ئەگەر چارەیەکم دەبوو، چیم دابوو لەم سەرئێشەیە!!
ئەگەر بژاردەی هاوسەرگیریی پڕە لە ریسک بە ئەگەری مەرگی خۆشەویستییەوە، بژاردەکانی تریش لەبەردەم تاکی ئێمەدا لە ماوەی کورتخایەندا بەردەست نین. یان تامی خۆیان نادەن. تاقیکردنەوەیان نابێتە هۆی چارەی کێشە بونیادییەکەی نێوان ژن و مێردەکە. یان کێشە دەروونییەکەی ناخیان. دوای ئەزموونکردنی ئەم قۆناغە، رۆژگارێک دێت دەگەیت بە شوێنێک هەست بکەیت تاقەتی رەگەزی بەرامبەرت نامێنێت، تەنها دەتەوێت بە شێوەیەکی زۆر کاتیی و بۆ پڕکردنەوەی هەندێک پێداویستیی، لەگەڵیدا کات بەسەربەریت. خۆ ئەگەر کرا لەبەر سەلامەتیی بیبەیتە دەرەوەی ولات باشترە.
ئەمە جۆرێکە لە رقی جێندەریی، واتە ئەوەی رەگەزی بەرامبەر وەک سەرچاوەی ئاژاوە، وەک شەیتان سەیر دەکەیت. یان ئەوەی کە بە باشی دەزانیت تەنها بژیت نەک خۆت توشی سەرئێشەی رەگەزی بەرامبەر بکەیت. وەک چۆن رۆبۆت لە روویەکەوە بۆ ئەوە بوو شوێنی بۆڵەبۆڵ و لاوازییەکانی تری کارمەند (بۆ نموونە نەخۆشکەوتن) بگرێتەوە، ئاواش دەکرێت گریمانی ئەوە بکەین رقی جێندەریی گڕی زیاتری بە بازاڕی بوکەڵە و کەرەستە سێکسییەکانەوە ناوە. (بەپێی راپۆرتێک، لە ٢٠٢٣دا، قەبارەی ئەم بازاڕە بە زیاتر لە ٣٥ ملیارد دۆلار خەمڵێنراوە، تا ٢٠٣٠یش بە رێژەی ٨.٧٪ زیاد دەکات).
چڵێسیی ژن بۆ خەرجکردن و چڵێسی پیاو بۆ سێکس، سەیرکردنی هاوسەرگیریی وەک شوێنی تۆڵەکردنە و زۆر شتی تر، داینەمۆی وێرانکردنی هاوسەرگیریین. هەڵبەت لە ماوەی درێژخایەندا پەیوەندییەکە دەگۆڕێت، بەتایبەت کە بژاردەی دیکە دێنە ئاراوە. بەمەشەوە، هێشتا لە ئاستێکدا رقی جێندەریی بەردەوام دەبێت.
چارەسەر چییە؟
پێچەوانەی ئەوانەی سەرەوە بۆ خۆی دەبن بە پێشنیار. بەڵام تەنها چەند شتێکی سادە و ساکار دەخەمەڕوو. یەکەم شت ئەمەیە: لە بنی کولەکەکە بدەین. بنی کولەکەکە (یان هەمانەکە) ئەوەیە کە دوژمنایەتییەکی گەورەی یەکتر ئەکەین، دوژمانیەتییەک عومر کورتی کردین و ژیانی بەفیڕۆ بردین. تاکەی یەکێتیی و پارتیی بەو شێوەیە دوژمنایەتیی یەکتر بکەن؟ تاکەی کورد و عەرەب پیلانگێڕیی دژی یەکتر بکەن؟ بە هەمان شێوە، تاکەی ژن و مێرد ناتوانن شتەکانیان بە یەکتر بڵێن؟ پێویستە شتێکی کەمیش بێت بیڵێی، بۆ نموونە: من لەگەڵ تۆ پێم نەما، تانکی خۆشەویستییەکەم وشکی کرد، چی بکەین؟ چیت پێ دەکرێت؟
دووەمیان ئەوەیە کە خۆمان لە ژەهری کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی (بەتایبەت میدیاکانی) پاک بکەینەوە. ئەمەش پرۆسەیەکی خاوی درێژخایەنە.
سێیەم، گفتوگۆی کراوە و تەحقیقکردن لەوەی چی دەگوزەرێت بەمەرجی ئەوەی رێزی راستگۆیی بگرن، درکاندن تەڵە و کڵاوێکی تر نەبێت. عەشق وەک شانەی هەنگوینە، دەبێت بەردەوام خزمەتی بکەیت دەنا لە بری هەنگوینی ئەسڵ، شەکرە هەنگوین زیاترت پێ نابەخشێت.
چوارەم، خاڵی سێیەم پێویستی بەوە هەیە مرۆڤی ئێمە کەمێک بیرکردنەوەی فراوانتر بکات و تەحەمولی بیستنی راستییەکانی هەبێت.