هەرێم نیوز
چەند ڕۆژێکە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی لە شارەزوور تووشی ڕشانەوە بوون و وەزیری تەندروستی هەرێم هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
د. سامان بەرزنجی ڕایگەیاند، هەر لە یەكەم رۆژەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسی بەشی خۆپارێزی و سەرجەم تیمەكان راسپێردراون هەموو هەوڵێك بدەن بۆ چارەسەری تووشبووەكان لە نەخۆشخانەكان و دابینكردنی پێداویستییە پزیشكی و دەرمان.
ڕاشیگەیاند كە دوێنێ تیمێكی وەزارەتی تەندروستی گەیشتۆتە هەڵەبجەی تازە بۆ لێكۆڵنەوە لە هۆكاری زۆری حاڵەتەكان، لە دەرئەنجامی وەرگرتنی پشكنینەكان دەركەوتووە كە رووداوەكان بەهۆی دوو هۆكار بوونە.
یەكەم بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو، ئاوی پیس تێكەڵ بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بووە و بووەتە هۆكاری دروستبوونی سكچوون و رشانەوە لە تەواوی گەڕەكاكانی هەڵەبجەی تازە.
هۆکاری دووەم، كەمی بەكارهێنانی رێژەی ماددەی كلۆر بووە لە سەرچاوەی ئاوی بێستانە سوور، بۆ ئەمەش بڕیاردراوە لێكۆڵینەوە بكرێت.
وەزیری تەندروستی داواشی لە هاووڵاتییانی هەڵەبجەی تازە كرد تا كێشەكە چارەسەر دەكەن، بۆ ماوەی چەند رۆژێكی كەم تا پێیان بكرێت ئەم ئاوە نەخۆنەوە و رێنماییەكانی تەندروستی جێبەجێ بكەن.
تا دێت ژمارەی تووشبووانی سکچوون و ڕشانەوە لە شارەزوور بەرزدەبێتەوە و ئەمڕۆ هەینی گەیشتە 2500 کەس.