هەرێم نیوز
گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر پێگەی سەربازانی ئیسرائیل لە جۆلان.
بەرەی مقاوەمەی عێراق لە سەرەتایی دەستپێکردنی جەنگی غەززە و لوبنانەوە، ئەو گرووپە نزیکەی 200 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە فەڵەستین و لوبنان.
“بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە ژمارەیەک گرووپی چەکدار نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت لە ڕاگەیاندراوێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، چەکدارەکانیان بە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشیان کردووەتە سەر ئامانجێکی سەربازی لە بەرزاییەکانی جوڵان.
ڕاشیگەیاندووە کە ھێرشەکانیان لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان، ئەنجامداوە و تا ئەو کاتەش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بێت، ئەوانیش بەردەوام دەبن لەسەر هێرشەکانیان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، بەرەی مقاوەمە لە ڕێگەی درۆنەوە سێ جار هێرشی کردووەتە سەر جۆلان و دوو لەو هێرشانەش بۆ سەر ئیلیات بووە لە باشووری ئیسرائیل.
تا ئێستا گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و مەترسی هەیە کە ئەو سەرکێشییە، عێراق ڕووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل بکاتەوە.