هەرێم نیوز
سەرباری هەڕەشە توندەکەی بنیامین ناتانیاهۆ و بەرپرسانی وڵاتەکەی کە دەڵێن گورزێکی بەهێز و بوومەلەرزەئاسا لە ئێران دەوەشێنن، بەڵام ترس لە کاریگەرییەکانی هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاردانەوەی تاران، هەڕەشەی ئیسرائیلی سنووردار کردووە، بەتایبەتی بەهۆی ترسی ئەو کاریگەرییە ئابوورییە وێرانکەرانەی کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەو هێرشەوە بێتە ئاراوە.
ئیسرائیل لە تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر وڵاتەکەی بەڵێنی داوە گورزێکی بەهێز لە ئابووری ئەو وڵاتە بدات، بە تایبەت هێرش بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان.
لێدانی ئیسرائیل لە دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران زیانێکی ئابووری گەورە بەو وڵاتە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا.
ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی لێدوانی بەرپرسەکانیانەوە دەیانەوێت وەڵامدانەوەیان بۆ لێدانی ئێران توند بێت، ئەمەش ڕەنگە دەرگای فراوانبوونی ململانێکانی ناوچەکە بکاتەوە و دۆخەکە بکاتە شەڕێکی ناوچەیی کە کاریگەری لەسەر چەند لایەنێک هەبێت.
لە لایاکی تریشەوە ئێران ترسی خۆی دەربڕی لەوەی ئیسرائیل دامەزراوە ئابوورییەکانی بکاتە ئامانج، بۆیە لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە ئەمریکای ئاگادار کردەوە کە ئەگەری هەیە ئەمە ڕووبدات.
هەموو ئەگەرەکان بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕەت دەکەنەوە، چونکە ئەمە دەتوانێت کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی ئێرانی لێبکەوێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری ئەوە هەیە کە ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگەیی کە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە ئەمە جگە لە سەخت بوونی دەست گەیشتن بەم ئامانجە و نەبونی توانای ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە زۆربەیان لە قووڵایی نزیکەی 100مەتر لە ژێر زەویدا دروستکراون بەمەش ئیسرائیل مووشەکی نییە کە بتوانێت بچێتە ناو ئەم قووڵایی قەڵایە.
زۆرترین ئەگەرەکان ئەوەیە کە ئیسرائیل دامەزراوە ئابوورییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، بە تایبەتی ئەو دامەزراوە نەوتی و گازانەی کە ئێران تێیدا زۆرە و بە سەرچاوەی سەرەکی سامان بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت.
سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە زۆرترین هەناردەی نەوت بۆ دووەم گەورەترین ئابووری جیهانە کە چینە، هەناردەی ڕۆژانەی ئێران بۆ چین دەگاتە یەک ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.