هەرێم نیوز
ژنێکی بەریتانیایی کە دایک و باوکی کوشتبوو و دواتر بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ تەرمەکانیان ژیابوو، ڕۆژی هەینی سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا و بۆ ماوەی 36 ساڵیش ناتوانێت داوای لێخۆشبوون بکات.
ڤێرجینیا مەککالا کە لە ساڵی 2019 دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، دوای ئەوەی دایک و باوکی کوشتووە، پارەکەیانی خەرج کردووە و بە درۆکردن پاساوی بۆ دیارنەمانی باوک و دایکی هێناوەتەوە و خۆشک و براکانی دیکەی و هاوڕێکانی فریو داوە. بە دکتۆرەکانی دایک و باوکی و دەوروبەری و بە سێ خوشک و براکەی دیکەی یان گوتبوو زۆر نەخۆشن یان گەشتیان کردووە. پزیشکێکی دایک و باوکی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا نیگەرانی تەندروستی دایکی دەبێت و دیارنەمانی بە پۆلیس ڕاپۆرت دەدات و هەر بۆیە پۆلیسی بەدوایان دەکەوێت.
دادوەر جێرمی جۆنسان لە دانیشتنی سزادانەکەدا وتی کە کردەوەکانی مەککالا نوێنەرایەتی "پێشێلکردنی گەورەی ئەو متمانەیە دەکات کە دەبێت لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا هەبێت."
کاتێک پۆلیسی ئێسێکس لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی، مەککالا دانی بەوەدانا کە تەرمی دایک و باوکی لەناو ماڵەکەدان و کوشتوونێتی.
ئەو ژنە تەمەن 36 ساڵە دانی بەوەدا ناوە کە باوکە تەمەن 70 ساڵەکەی ژەهرخوارد کردووە و دایکە تەمەن 71 ساڵەکەشی بە چەکوش و چەقۆ کوشتووە.
بەپێی وتەی داواکاری گشتی، ڤێرجینیا مەککالا تەرمی باوکی لە ژووری نوستنەکەیدا بە خاک سپاردووە و تەرمی دایکیشی خستبووە ناو کیسەیەکی خەوتنەوە لە قاتی سەرەوەی ماڵەکەی لەناو دۆڵابێکدا.