دواین هەواڵ

جیهان‌

 12/10/2024

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەکات

هەرێم نیوز

بڕیارە سبەی یەکشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە.

سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق ڕاگەیاندوە، سبەی وەزیری دەرەوەی ئێران ده‌گاته‌ عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی ناوچەکە و دوپاتکردنەوەی ئەوەی کە بازنەی شەڕ فراوان نابێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، سبەی نیوەڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران دەگاتە بەغدا و لە میانی سەردانەکەیدا کە چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، چاوی بە فوئاد حسێن، هاوتا عێراقییەکەی، د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق و محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌وێت.

دوای گەشتەکەی هەینی ڕابردوو بۆ بەیرووت و دیمەشق، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی کێشەکانی ناوچەکەیان کرد و دوای سەردانەکەشی بۆ سعودیە عێراقچی سەردانی قەتەری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران تا دێت توندتر دەبێت و ناوچەکە لە لێواری شەڕێکی بەرفراونە، بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی مەترسیدار، ئێران هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە چڕکردووەتەوە. 

سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌كاتێكدایه‌ كه‌ جیهان چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئیسرائیل ده‌كات كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن له‌ تۆڵه‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی تاران كردیه‌ سه‌ر ته‌لئه‌بیب.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP