هەرێم نیوز
لەبەرامبەر هێرشکردنەسەر ئیسرائیل وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر کۆی کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی سزا نوێکەی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەو سزایانەی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سزاکان کەرتی پترۆکیمیاییەکانی ئێران و زیاتر لە 20 کەشتی گوازەرەوەی نەوتی ئێران دەگرێتەوە.
لەراگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، سزاکان ژمارەیەک کۆمپانیاش دەگرێتەوە کە کاری کەرتی نەوتی ئێران لە دەرەوەی وڵاتەکە بەڕێوەدەبەن.
ئەم هەنگاوەی گەنجینەی ئەمریکا فشارە داراییەکان لەسەر ئێران زیاتر دەکاتەوە و توانای ئەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی داهاتی گرنگی وزە سنووردار دەکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە ڕاوێژ وەرگرتن، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای خستووەتە سەر کەرتی نەوتی ئێران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا، ئێران لە تۆڵەی کوشتنی عەباس نیلفروشان و حەسەن نەسروڵڵا، بە 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ.