هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ڤیلادمیر پوتن سەرۆکی رووسیا لە عەشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان کۆبوونەوە، ئەوەش یەکەم دیدارى نێوانیان بوو، تێیدا جەختیان لەسەر بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیجی، سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوانیان کردەوە.
پزیشکیان و پوتن بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەناونیشانى "پەیوەندی نێوان سەردەم و شارستانییەتەکان- بنەمای ئاشتیی و گەشەپێدان" لە عەشق ئابادى پایتەختى تورکمانستانن و لە پەراوێزى کۆڕبەندەکەدا کۆبوونەوە.
ڤلادمیر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا ئەمڕۆ هەینی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشیكیان سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران بۆ ئێمە لە پێشینەی کارەكانمانە و زۆر سەرکەوتوانە پێشكەوتوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە چالاکانە پێکەوە کاردەکەین لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، و بۆچونەکانمان لەسەر ڕوداوە جیهانیەكان شاهیدییەتی ئەوە دەدەن كە زۆر نزیكن لە یەكدیەوە".
هەرلە کۆبوونەوەکەدا پزیشکیان بە پوتنى راگەیاندووە، "بە ئیرادەی بەهێزی سەرۆک و بەرپرسانی هەردوو وڵات، پێویستە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ خێراتر بکرێت". بە گوتەى ئەو ئێستا پێگەی رووسیا و تاران لە جیهاندا "بەهێزە"
دوای کۆبوونەوەکەش ڤیلادمیر پوتن، بە بانگێشتنامەی فەرمی داوای لە مەسعود پزیشکیان کرد سەردانی مۆسکۆ بکات
ئەوە لە كاتێكدایە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەرەسەندن دایە و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە لوبنان ئەنجام دەدات و حزبوڵای هاوپەیمانی ئێرانی ئامانج گرتوە.