هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەردانی تورکمانستانی کردووە، بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە.
پزیشکیان بڕیارە بۆ یەکەمین جار وەک سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی ڤلادیمێر پوتین کۆببێتەوە.
بە وتەی دیمیتری پێسکۆڤ، سکرتێری ڕۆژنامەوانی سەرۆککۆماری ڕووسیا، لەم دیدارەدا، “گفتوگۆ لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانەوە تا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی کاردایە”.
پێشتر یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە ڕایگەیاندبوو: "ئەم کۆبوونەوەیە هەم لە ڕووی تاوتوێکردنی پرسە دووقۆڵییەکان و هەم بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەوپەڕی جددی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری هەیە".
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەڵدانی مووشەکی ئێران بۆ ئیسرائیل و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان توندتر بووە و ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەداتەوە. جۆر و توندی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆتە بابەتێکی گرنگ لە دانوستانە سیاسییەکانی نێوان هاوپەیمانانی هەردوولادا.