دواین هەواڵ

عێراق‌

 10/10/2024

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەبارەی بە ئامانج گرتنی سیستانی لەلایەن ئیسرائیلەوە هاتە دەنگ

هەرێم نیوز

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەبارەی بە ئامانج گرتنی سیستانی هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی مەرجەعی باڵای ئایینی ئایەتوڵڵا 'عەلی سیستانی' ڕەتدەکاتەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستانی نوێنەرایەتی "دەنگێکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر ده‌كات لە بەرەوپێشبردنی ناوچەیەکی ئارامتر".
وتیشی، " سیستانی کەسایەتییەکی ئایینی دیارە" کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕێزێکی زۆری هەیە. 

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ سێپ مۆڵتن، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئه‌ڵینا ڕۆمانسکی، ڕایگەیاند، ئیسرائیل "لە سەرپێچیەکانیدا زۆر ڕۆیشتوە بە سوکایەتیکردن بە هێما و کەسایەتییە یاساییەکان".

سودانی پێیوایه‌ کە ئەوە "سوکایەتیکردنە بە هەستی مسوڵمانان لە سەرانسەری جیهان".

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ڕایگەیاند، "ئێمە ئەو جۆرە سوکایەتیانە بە پێگەی دەسەڵاتدار ڕەتدەکەینەوە و جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە پیرۆزیەکانی هەمو ئایین و مەزهەبەکان ده‌كه‌ینه‌وه‌".

لە بەیاننامەکەدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە "رێوشوێنی کاریگەر بگرنەبەر و هەڵوێستی بەپەلە دەرببڕن لە ڕەتکردنەوەی هەر بانگەوازێک بۆ ڕق و کینە لەنێوان گەلان".

کەناڵی 14ی ئیسرائیلی پێشتر وێنەیەکی بڵاوکردبوەوە، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتە شیکارییەکەیدا، ئامارەکانی ناو لیستێک پیشان دەدات کە بە وتەی خۆی بە ئامانجی کوشتن کراون، لەنێویاندا سیستانی، یەحیا سینوار، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و عەبدولمەلیک ئەلحوسی،  نەعیم قاسم جێگری سکرتێری گشتیی حزبوڵای لوبنان.

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو لیستە نەداوە کە کەناڵی 14 بڵاویکردوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP