هەرێم نیوز
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارێک بەناوی فاڵگرتنەوە فێڵی لە ژنێک کردووە کەوا ڕێگایەکی ڕاستی پیشان دەدات و دەیگەیەنێت بە خۆشەویستەکەی زیاتر لە 50 ملیۆن دیناری لە ژنێک وەرگرتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کەوا هەڵسابوو بە فێڵکردن بەناوی سیحر و جادوو و فاڵگرتنەوە و فێڵکردن لە هاووڵاتیان، کە زیاتر لە (50 ملیۆن دینار)ی بە شێوەی جیاجیا لە ئافرەتێک وەرگرتبوو و دواتریش هەڕەشەی لێ کردبوو، بە بیانووی ئەوەی کەوا ڕێگایەکی ڕاستی پیشان دەدات و دەیگەیەنێت بە خۆشەویستەکەی.
ڕوونیشیکردەوە، بەڵام لە ڕێگای پلانێکی ئەمنییەوە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە تۆمەتبار لە کاتی وەرگرتنی پارە لە دادخواز دەستگیر کرا.
ئاشکراشیکرد، ئێستاش دانی ناوە بە تاوانەکەیدا، بۆیە دوای دەستگیرکردنی، ڕادەستی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.