هەرێم نیوز
ڕەگەزنامەی سلێمانی 31ی 12ی ئەمساڵی وەک کۆتا وادەی کارکردن بە پێناسی باری شارستانی راگهیاند، لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان رایگهیاند، سبەی پێنجشەممە، مامەڵەی كارتی نیشتمانی لە تەواوی هەرێمی كوردستان ڕادەگیرێت،
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، "ئاگاداری هاووڵاتیان دەكەینەوە، كە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 3/10/2024، مامەڵەی كارتی نیشتمانی ڕادەگیرێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەموو جۆرە مامەڵەیەكی كارتی نیشتمانی لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان دەوەستێت، ئەویش لەبەر هۆكاری هونەری.
ئەوەش هاتووە، کە هاووڵاتیان سبەی سەردانی فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی نەکەن.
هەر ئەمڕۆ، لەبارەی مامەڵەکردن بە پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەکانی زانیاری سلێمانی رایگەیاند، ئاگاداری ھاوڵاتییان دەکەینەوە بەزوترین کات کارتی زانیاری دەربکەن، چونکە تا ٣١- ١٢ـی ئەمساڵ کار بە پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامە دەکەین.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە ئەو هاوڵاتییانەی کارتی نیشتیمانیان دەرنەکردوە، تاکوو کۆتایی ئەمساڵ کارتەکانیان دەربکەن، بەپێچەوانەوە لەدوای ئەو بەروارەوە کار بە پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامە ناکەن.