دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 3 هەفتە

حەمەی نێرگز؛ وێڵی دوای نان!

خەلیل عەبدوڵا

بۆ بێ‌ لەو چاوە كاڵانەت چی شك ئەبەم؟
لێم مەپرسە بۆچی هاتووم
وەك كۆترێكی لانەواز تەرەو ماندووم
هاتووم لەناو چاوەكانتا تێر تێر بنووم
(دڵشاد مەریوانی)

حەمەی نێرگز هونەرمەندی ناسراوی كوردستان، لەرێی هونەری گۆرانییەوە خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەریی كوردی كردووە، بۆیە بەزیندوویی‌و نەمری لەدڵ‌و دەروونی خەڵكی كوردستاندا دەمێنێتەوە.
محەمەد ساڵح شەریف ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیە‌و لەدنیای هونەردا بە حەمەی نێرگز ناسراوە.

نازناوی نێرگزی لەناوی دایكییەوە وەرگرتووە، ئەو دایكەی، شوێنی باوكیشی بۆ گرتبوونەوە، چونكە باوكی بینایی هەردوو چاوەكانی لەدەستدابوو، توانای كاركردنی نەبوو، ئیدی نێرگز خانی دایكی ئەركی بەخێوكردنی 7 جگەر گۆشەكەی گرتە ئەستۆ، وەك كرێكارێكی رۆژانەكار بژێوی خانەوادەکەی دابین دەكرد‌و سەربەرزانە پەروەردەی كردن.

حەمەی نێرگز، وەك خۆی باسی دەكات، بەهۆی هەژاری خانەوادەكەیەوە، نەیتوانی بەرۆژ بچێتە قوتابخانە،بەرۆژ كاری دەكرد‌و شەوان لەقوتابخانەی فەیسەڵییە دەیخوێند، لەو دۆخە ناهەموارەی خانەوادەكەیدا توانی تاپۆلی پێنجەمی سەرەتایی بخوێنێ‌. ئیدی خۆی گوتەنی وێڵی دوای پەیداكردنی نان بوو،بەشی زۆری ژیانی بە كرێكاری‌و شاگردی بردە سەر، شاگردی (خەیات، چایچی، نانەوا).

حەمەی نێرگز هەر لەتافی لاوییەوە خولیای هونەری گۆرانی بوو، مامۆستا (گۆران)ی شاعیر كە گوێی لەدەنگی دەبێ‌، پێی سەرسام دەبێ‌‌و ئامۆژگاری دەكات كەلاسایی هونەرمەندانی تر نەكاتەوە، ئەویش ئامۆژگارییەكەی لەگوێ‌ دەگرێ‌، دەبێتە خاوەن ستایلی دەنگی خۆی‌و رازیش نابێ‌ كەس لاسایی بكاتەوە‌و گۆرانییەكانی بڵێتەوە، تەنانەت وەسێتیشی كردووە دوای مردنی كەس گۆرانییەكانی نەڵێتەوە.

سەرەتای ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو، لەرێی قادر برسیی شاعیر‌و شەماڵ سایبی هونەرمەندەوە دەچێتە رادیۆی كوردی بەغدا، سەرباری دەنگە خۆشەكەی‌و تاقیكردنەوەی، رازی نابن لەو ئەو ئیزگەیە گۆرانی بۆ تۆمار بكەن!

ئەو هەڵویستە لە هونەر ساردی ناکاتەوە، لەرێی تیپی مۆسیقای مەولەوی‌و تیپی مۆسیقای هونەر‌و وێژەی كوردییەوە،گۆرانییەكانی تۆمار دەكات‌و دەبێتە ئەو هونەرمەندە گەورەیەی لەسەرانسەری كوردستانی گەورەدا بناسرێ‌‌و خەڵكی ئاشقی دەنگە بەسۆزەكەی بن.

ئەو ئەگەری چی گۆرانی زۆری نییە‌و بەدوای بەرهەمی پوخت‌و نەختدا گەڕاوە، خۆشی لە چاوپێكەوتنێكدا باسی ئەوە دەكات كە بڕوای بەزۆری‌و بۆری نەبووە‌و كەمی‌و پوختی شیعرەكانی مامۆستا ئەحمەد هەردی بەنموونە دەهێنێتەوە‌و دەڵێ‌: ( من بە دوو گۆرانی ناسرام‌و ناوم دەركرد، ئەوانیش گۆرانی خەوو ئاواتی دووری بوون).

بێ‌ لە هونەری گۆرانی، حەمەی نێرگز خولیای هونەری شانۆ بوو، وەك ئەكتەر لە شانۆگەری جەنابی موفەتیشدا بەشداری كردووە‌و بەشێوەیەكی جوان رۆڵی بازرگانەكەی بینیوە.
دوای ژیانێكی سەربەزرانە‌و خزمەتێكی زۆر بەهونەری كوردی، رۆژی 23ی ئەیلولی 2013، هونەرمەندی ناوداری كوردستان كاكە حەمەی نێرگز كۆچی دوایی كرد‌و لەگردی سەیوان بەخاک سپێردراو چووە ریزی نەمرانی كوردستانەوە.

دروودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی حەمەی نێرگزی هونەرمەندی بەتوانا‌و بەهەڵوێستی كوردستان.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP