هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرتی عێراق دیپۆرتکردنەوەی 68 کەسی ڕاگەیاند، كە سەرپێچی یاسای نیشتەجێبونی عێراقیان كردبو.
بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویكردەوە، "مەفرەزەکانی بەشی کاروباری نشینگە لە شاری دیوانیە، 68 كەسی دپۆرتكردوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە ئەو كەسانە سەرپێچی یاسای نیشتەجێبونی عێراقیان كرد".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو 68 كەسە لە ماوەی 1ی (تەمموز/7) تاكو 10ی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەكەوە دیپۆرتكراونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرتی عێراق بەردەوامە لە بەدواداچون و گەڕان بەدوای سەرپێچیکاراندا و دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانەی كە سەرپێچی یاساكان دەكەن".
بەڕێوەبەرایەتیەكە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لەكاتی بونی هەر حاڵەتێكی سەرپێچیكردنی یاساكانی نیشتەجێبون، زانیاری بدەنە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرتی عێراق، ئەوەش لە پێناو ئاسایش و سەلامەتی وڵاتدا.