هەرێم نیوز
گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل دەنگۆی بوونی کێشە لە هاتووچۆی گەشتیاران ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: "هاتووچۆ ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە".
چەند هەواڵ و دەنگۆییەک لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە گوایە کێشە بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل دروست بووە.
کامی کەمال عەلی گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لە پەڕەی تایبەتی کۆمەڵگەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایدهگهیهنێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە ئەوروپاوە بۆ گەشت و سەردانیكردن گەڕابوونەوە، بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن ئەو هاووڵاتییانە بە لێشاو بەرەو وڵاتانی ئەوروپا گەڕاونەتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی گەڕانەوەی زیارەتکارانی تورکیا لە تەواوکردنی ڕێوڕەسمی یادی چلەی ئیمام حوسێن، قەرەباڵغی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل دروست ببوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەنگۆ و زانیارییە بێ بنەمایانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی دروستکردنی کێشە بۆ گەشتیاران هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە و تەنیا قسەی هەڵبەستراون.
ئاشكراشی كرد، سەرپەشتیار و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەکە بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی تورکیا لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەی گەشتیاران بەبێ کێشە و گرفت گەشتەکانیان بکەن.