هەرێم نیوز
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، تەنها کورد خۆی بە خاوەنی کەرکوک نازانێت، ئەگینا 22 دەوڵەتی عەرەبی و ئێران و تورکیاش خۆیان بە خاوەنی کەرکوک دەزانن، دەشڵێت، دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک لە دوای هەشت ساڵ کارێکی باشە، هەرچەندە دەبووایە یەکێتی و پارتی پێکەوە بوونایە لە کەرکوک.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،"کەرکوک خاکی کوردستانە و ژمارەی گۆڕی کوردەکان لەو پارێزگایە لە ژمارەی زیندووی پێکهاتەکانی تر زیاترە، بەڵام کورد یەکگرتوو نییە و خۆی بە خاوەنی کەرکوک نازانێت."
محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت،"وردەکاری ڕێککەوتنەکەی کەرکوک نازانم، گەر پۆستی پارێزگار دوو ساڵ بە دوو ساڵ و بە نۆرە بێت کارێکی هەڵەیە، بەڵام دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک لە دوای هەشت ساڵ کارێکی باشە، هەرچەندە دەبووایە یەکێتی و پارتی پێکەوە بوونایە لە کەرکوک."
ئەمەش دوای ئەوە هات، شەوی 10ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، ڕێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکوکی وەرگرت، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگاریش بەر عەرەبی سونە کەوتن، هەروەها چەند پۆستێکی تری پارێزگاکە بۆ تورکمان جێهێڵران.