دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 29/07/2024

نەخۆشی دوو جەمسەری چییە ؟

دکتۆر هەژار عوسمان مەعرووف- پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دەروون و مێشک بۆ گەورە و مناڵان -دکتۆرا (بۆرد) لە نەخۆشییە دەروونی و هۆشمەندییەکان لە ووڵاتی ئەڵمانیا

نەخۆشییەکی دەروونییە کە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری توند لە باری دەروونی و ئاستی وزە و ڕەفتار و شێوازی بیرکردنەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن بۆ چەند کاتژمێرێک ، چەند ڕۆژێک ، ھەفتەیەک یان چەند مانگێک بەردەوام بن و توانای ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە نەھێڵن .

دەتوانێت لە ھەر تەمەنێکدا دەرکەوێت بەڵام بە زۆری لە تەمەنی ١٥ بۆ ١٩ ساڵی و بە دەگمەن لە دوای ٤٠ ساڵی دەردەکەوێت.

نەخۆشی دووجەمسەری کە پێشتر پێی دەوترا خەمۆکی مانیکی دەبێتە ھۆی گۆڕانی باری دەروونی زۆر کە بریتین لە بەرزبوونەوەی سۆزداری ( مانیا یان مانیای کەم ) و نزمبوونەوە ( خەمۆکی ).

کاتێک کەسێک توشی خەمۆکی دەبێت لەوانەیە ھەست بە دڵتەنگی یان بێھیوایی بکات و ئارەزوو یان چێژ لە زۆربەی چالاکییەکان لە دەست بدات بەڵام کاتێک باری دەروونی دەگۆڕێت بۆ وەسوەسە یان مانیا لەوانەیە ھەست بە خۆشحاڵی ، پڕ لە وزە یان توڕەیی نائاسایی بکات ئەم گۆڕانە دەروونیانە دەتوانێت کاریگەری لەسەر خەوتن ، وزە ، چالاکی ، توانای بیرکردنەوەی ڕوون ھەبێت .

زانایان ھێشتا ھۆکاری وردی نەخۆشی دووجەمسەرییان بۆ دەرنەکەوتووە بەڵام پێیان وایە کە یەکێک لە بەھێزترین ھۆکارەکان بۆماوەیی بێت ، زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەی تووشبوون لایەنی کەم کەسێکی نزیکی تووشبووی ئەم حاڵەتە بووە وەک دایک و باوک یان خوشک و برا ، لەگەڵ گۆڕانکاریی لە مێشک و ھۆکاری ژینگەیی وەک زەبر و زەنگ و فشار ، مردنی کەسێکی ئازیز ، نەخۆشی سەخت یان جییابوونەوە و کێشەیی دارایی .
لێرەدا نیشانەکانی نەخۆشی دووجەمسەری دەکەین بە دوو ئەڵقە و بە کورتی باسیان دەکەین :

نیشانەکانی ئەڵقەی مانیا و ھایپۆمانیا :

مانیا و ھایپۆمانیا دوو جۆری جیاوازن بەڵام ھەمان نیشانەیان ھەیە مانیا توندترە لە ھایپۆمانیا و دەبێتە ھۆی کێشەی بەرچاوتر لە شوێنی کار و قوتابخانە و چالاکییە کۆماڵایەتییەکان ھەروەھا ڕەنگە پێویستی بە پشوودان و خەواندن لە نەخۆشخانە بێت .

کەسی تووشبوو سێ یان زیاتر لەم نیشانانەی ھەیە :

١.بە شێوەیەکی نائاسایی گەشبین.
٢.زیادبوونی چالاکی و وزە .
٣.زیادەڕەویی لە ھەستکردن بە خۆشگوزەرانی و متمانە بە خۆبوون .
٤.کەمبوونەوەی پێویستی بە خەو .
٥.قسەکردنی خراپ .
٦.بڕیاردانی خراپ و بێ بیرکردنەوە .

نیشانەکانی ئەڵقەی خەمۆکی :

ئەو نیشانانە لە خۆدەگرێت کە ئەوەندە تووندە کە دەبنە ھۆی سەختییەکی بەرچاو لە چالاکییەکانی ڕۆژانە ، کەسی توشبوو سێ نیشانە یان زیاتریان ھەیە لەم نیشانانە :

١.باری دەروونی خەمۆکی و ھەستکردن بە دڵتەنگی ، بێھیوایی یان گریان (لە مناڵ و ھەرزەکار وەک توڕەیی دەردەکەوێت).

٢.لە دەستدانی سەرنج یان لە دەستدانی چێژ لە کار و چالاکییەکان .

٣.دابەزینی بەرچاو لە کێش بێ ڕێجیم کردن یان زیاد بوونی کێش .

٤.کەمخەویی یان زۆر خەوتن .

٥.ماندوێتی و لەدەستدانی وزە .

٦.ھەستکردن بە بێ بەھایی یان تاوانباری .

ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی دووجەمسەری بوون زۆرجار نازانن کە ناسەقامگیری سۆزدارییان چەندە ژیانی خۆیان و ژیانی ئازیزانیان تێکدەدات و چارەسەرە بەدەست ناھێنن کە پێویستیانە .

وە ئەگەر تۆ وەک ھەندێک کەس بیت کە تووشبووی نەخۆشی دووجەمسەریین لەوانەیە چێژ لە ھەستەکانی خۆشحاڵیی وەربگریت بەڵام ئەم خۆشحاڵییە ھەمیشە تووشی کەمبوونەوەی سۆزدارییت دەکات کە دەتوانێت خەمۆک و ماندووت بکاتەوە .

نەخۆشی دووجەمسەری لە خۆیەوە باش نابێت بۆیە وەرگرتنی چارەسەر پێویستە ، ئەگەر ھەر نیشانەیەکی خەمۆکی یان مانیات ھەبوو پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆری دەروونی شارەزا لە نەخۆشی دووجەمسەری بکەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست .

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP