محەمەد جەمال – هەولێر
مامۆستایەکی زانکۆ سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە و ئازادی زیاتر فەراهەم کراوە.
عەدنان گەردی، مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکی بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی فرە بەشداری کردنی لیست و قەوارەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەردەکەوێت کە پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە و ئازادی زیاتر فەراهەم کراوە.
دەشڵێت، هەر هاونیشتیمانییەک کە دەنگ دەدات، پێویستە بیر لەوە بکاتەوە کە دەنگ بە کێ دەدات، هەروەها ئەو لیست و لایەنانەی کە دەنگیان پێ دەدات، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە چ قۆناغێکدان و خەبات و ئەزموونی ڕابردووشیان چۆن بووە.
ڕوونیشی دەکاتەوە، ئەگەر پرسیارەکە ئاراستەی ئەو بکرێت، دەڵێت" من لەبەر ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێرم، چونکە ئەو حزبە نزیکەی 80 ساڵ خەباتی هەیە، هەروەها لە هەڵبژاردنی ساڵی 1992ـەوە تا ئێستا چەندین ئەزموونی هەیە و لە پرۆسەی سیاسی بەشداری کردووە.
وتيشى، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و ڕووسیا و وڵاتانی کەنداو و دەوروبەر پەیوەندی زۆر بەهێزی هەیە، بۆیە ئەو دەتوانێت پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو پێش ببات و ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەشی بەدەستی هێناوە زیاتر پەرەی پێبدەن.