هەرێم نیوز
وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کاتی داخستنی تەواوی کەمپی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان دواخراوە.
عەباس جیھانگیر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو لە 30ی 7 تەواوی کەمپەکان لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆکاری جیا وەک ئاسایش و خزمەتگوزاری دابخرێن، بەڵام لەو وادەیەدا داناخرێن و لیژنەیەک پێکدەھێنرێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە ئەو لیژنەیە لە سەرەتای مانگی داھاتوو کۆببنەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەبێ ھیچ کێشەیەک بکەن.
وتیشی، نزیکەی 20 ھەزار و 500 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە، کە 22 ھەزاریان لە دھۆکن و ئەوانی دیکە لە ھەولێرن، بەڵام ھیچ کەمپێک لە سلێمانی نەماوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی 11 ئەم مانگە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کەمپی ئاشتی وەک دواین کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی داخست و دوایین کاروانی ئاوارەکانیش سلێمانییان جێھێشت و بۆ زێدی خۆیان گەڕانەوە.
پێشتریش ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەوەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە لە 10 ساڵی ڕابردوودا، بەرامبەر ئاوەرە و پەنابەران بە زیادەوە، بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ کردووە، سەرەڕای گرفتە دارایی، ئابووریی و ئەمنییەکان."
وتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گەڕانەوەی سەربەرزانە و ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانە بۆ ناوچەکانیان."