هەرێم نیوز
لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگارو قائیمقامی سلێمانی و فەرماندەی هێزی زەمینی ئیتاڵیا، هاوکاری پزیشکی پێشکەشی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی (سوتاوی) سلێمانی کرا.
فەرماندەی هێزی زەمینی ئیتاڵی رایگەیاند: سەرەڕای مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکاری مرۆیی پێشکەش دەکەین، کە خۆی لە بواری پەروەردەو تەندروستی و خۆراک و پارێزگاری لە کەمینەکان دەبینێتەوە.
ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی ئەمڕۆ گەیاندومانەتە سلێمانی سەرەتای کارەکانمانە کە لەڕێگەی تیمی هاوکاری سەربازی مەدەنی هێزەکانی ئیتاڵیاوەبووە، ئەم نەخۆشخانەیە زۆر گرنگەو لە ئیتاڵیاش بەهەمان شێواز کار دەکات.
ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە خۆشحاڵن بە گەیاندنی ئەو هاوکارییانە بە یەکێک لە نەخۆشخانە گرنگەکانی سلێمانی و سوپاسی حکومەت و خەڵکی ئیتاڵیای کرد کە سەرەتای هاوکارییە مرۆییەکانیان لێرەوە دەستپێکردووە.
قائیمقامی سلێمانی سوپاسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی کوردستانیشی کرد کە رۆڵیان هەبووە لە گەیاندنی ئەو هاوکارییانەی هێزەکانی ئیتاڵیا بە سلێمانی.