دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11/07/2024

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە چوار ساڵی داهاتوودا لەگەڵ پزشکیان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟

هەرێم نیوز

دوای سەرکەوتنی مەسعود پزشکیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئێستا ژمارەیەکی زۆر پرسیار لەبوارە جیاجیاکاندا سەبارەت بە داهاتووی ئێران هاتووەتە ئاراوە.
یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەچوار ساڵی داهاتوودا کە لای زۆرێک لە خەڵکی ئێران و چاودێرانیش، دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆیشی هەبێت لەسەر دۆخی نێوخۆی کۆمەڵگەی ئێران.

پزشکیان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، بە پێچەوانەی ڕکابەرەکەی، سەعید جەلیلی کە دژایەتی هەرجۆرە گفتوگۆ و دانوستاندنێکی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکرد، ڕایگەیاند بە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی لابردنی سزاکانی سەر ئێران دەدات و گوتی بە سیاسەتێکی کارلێککارانە و شکۆمەندانەی دەرەوە دەکرێت دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکەین.

ناوبراو وتی ڕێگە چارەی کێشەکان و هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی ئێران، زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئیڕانە و گوتیشی "پێویستە ڕێککەوتنە ناوکییەکە زیندوو بکرێتەوە و ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکەین، قسەکردن لەسەر پرسەکانی تر تەنها لەئاستی قسەکردندا دەمێنێتەوە." ئەو پێی وایە کە بەبێ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بپارێزێت و پەرەیان پێبدات.
لەگەڵ ئەم بانگەشانەی پزشکیان لەبواری سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە سەرکردەکان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کاردانەوەیەکی ئەرینی و پیرۆزباییان بەرامبەر بە سەرکەوتنی پزشکیان نیشان نەداوە، ئەمەش لەکاتێکدا لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانیدا، جگە لە کاترین ئەشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بە شێوەیەکی تایبەتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی ڕۆحانیان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، پشتگیری خۆی بۆ حکومەتەکەی ڕۆحانی دەربڕی. جگە لەوەش وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هیوای دەربڕی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەوروپا باشتر بێت و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و کۆشکی سپیش هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و ڕێزدارانەیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە سەرکەوتنی رۆحانی.

تا ئێستا گرنگترین کاردانەوەی ئەرینی بەرامبەر بە سەرکەوتنی پزشکیان، پۆستی نەبیلا مەسراڵی، یەکێک لە وتەبێژەکانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بووە کە لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئیکس پیرۆزبایی لە مەسعود پزشکیان کرد و ڕایگەیاند "ئێمە ئامادەین لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپادا، هاوکاری لەگەڵ حکومەتی نوێ بکەین."

کاردانەوەی واشنتنیش تا ئیستا سارد و نەرێنی بووە و دەڵێت چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری نوێ ناکات.
جان کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی دووشەممە 7ی مانگی حەوت ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئێران هێشتا پشتیوانی لە "گرووپە تیرۆریستییەکانی" وەک حزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان دەکات.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیستمانی کۆشکی سپی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەمەریکا ئامادەیە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ لە ئێران دەستپێبکاتەوە، ڕایگەیاندووە نەخێر و ئەوە ڕوونادات.

کێربی بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆکی نوێی ئێران ڕایگەیاندووە "دەبێت بزانین چی دەکات، بەڵام چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی ئێران ناکەین."

بەم شێوەیەش تا ئێستا بەشێک لە هەوڵەکانی پزشکیان بۆ بنیاتنانی گوتارێکی نوێ لە پێوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ڕێبازەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرژییە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و زلهێزەکان، نەگەیشتووەتە ئەنجامی خوازراو و دڵخوازی سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئێران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی شەممە 6ـی 7ی 2024 ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندرا و مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.

بە گوێرە ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا 49.8% بووە، لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP