دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 29/06/2024

هەڕەشە جدییەکەى سەرکۆمەڵگەى عێراقى، نیوەى گەنجانى عێراق مادەى هۆشبەر بەکاردەهێنن

هەرێم نیوز 

لەچەند رۆژی رابوردودا وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند لەماوەى شەش مانگى رابوردووى ئەمساڵدا دەستیانگرتووە بەسەر دە تۆن مادەى هۆشبەرى جۆراوجۆر و دەستگیرکردنى شەش هەزار کەسى تاوانباردا کە پەپوەندییان بەو بابەتەوە هەیە، میقداد میری گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عیراق رایگەیاندووە یازدە کەسیش بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و 70 کەسى دیکەش فەرمانى جۆراوجۆریان بۆ دەرکراوە، لە لایەکى تریشەوە ماوەیەک پێش لە ئێستا سوپاى عێراق رایگەیاند کە لە باشوورى وڵات کێڵگەیەکى وەبەرهێنانى کەبتاگۆنیان دەست بەسەردا گرتووە، ئاماژەى بەوەش کردووە وڵاتى سوریا بووەتە دابەشکاری مادەى هۆشبەر بەسەر وڵاتانى دراوسێدا، هەرچەندە رێککەوتنى لەوبارەیەوە لەگەڵ عیراق هەیە، بەڵام نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەر لەو بارەیەوە مانگی شوباتى رابوردوو عەبدولئەمیر شەمەریی وەزیرى ناوخۆیى عێراق رایگەیاند لیژنەیەکی چوار قۆڵییان لەنێوان عێراق، سوریا، لوبنان و ئوردن دروستکردووە بۆ ئەوەى بتوانن رێگریی لە قاچاخچێتى مادەى هۆشبەربکەن.

دواى بڵاوبوونەوەى مادەى هۆشبەر بەشێوەیەکى گشتى لەنێو وڵاتى عێراقدا پەرلەمانیش لەڕێگەى دەسەڵاتى جێبەجێکارو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کارى کردووە بۆ هەموارکردنەوەى یاساى مادەى هۆشبەر، لەبەر ئەوەى لەم دوو دەیەى دواییدا عێراق لە پردی پەڕینەوەى مادەى هۆشبەرەوە خەریکە ببێتە بەکاربەری سەرەکی و کۆمەڵگە لەبەریەک هەڵبوەشێنێت.

حسێن عامریش ئەندامى پەرلەمانى عێراقیش رایگەیاندووە مادەى هۆشبەر و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دوو هەڕەشەى جدیین لە سەر کۆمەڵگەى عێراقى.

بەگوێرەى گوتەکانى ئەو پەرلەمانتارە لە بەغدادى پایتەخت و پارێزگامانى تری ناوەڕاست و باشووردا مادەى هۆشبەر لە گەڕەکە هەژار و کەم دەرامەت و کەم خزمەتگوزارییەکان بڵاوەى کردووە، زۆرینەى ئەوانەشى رووی تێدەکەن گەنج و تازە پێگەشتووەکانى هەردوو رەگەزەکەن.

صەفا ئەعصەم، پسپۆڕی بوارى ئەمنیش رایگەیانددوە سەرەڕای خراپی سیستمى دەسەڵاتى پێشووى عێراق بەڵام زۆر توند مامەڵەى لەگەڵ مادەى هۆشبەر دەکرد و بەهیچ شێوەیەک بوونى نەبوو، بەڵام لە دواى 2003 ەوە بەشێوەیەکى بەرفراوان زیادیکردووە، وەک ئەو پسپۆڕە دەڵێت هۆکارەکەشى ئەوەیە کە سنورەکان بە تەواوەتى کۆنترۆڵ نەکراون و نەتوانراوە ئامێری دۆزینەوەو پشکنینى بەهێز دابنێن بۆ دۆزینەوەو رێگریی کردن لە هاتنەناوەوەى مادەکە، ئەو لەسەر زارى بەرپرسانى باڵاوە رایگەیاندووە نیوەى گەنجانى ناوەڕاست و باشوری عێراق بەڕێژەى جیاواز مادەى هۆشبەر بەکاردەهێنن.
شارەزایانى بوارەکەش هەژاری و بێکاریی بە دوو هۆکارى سەرەکی بڵاوبوونەوەى مادەى هۆشبەر دەزانن و بەگوێرەى ئامارەکانیش نزیکەى پێنج ملیۆن هاووڵاتى عێراق بێکارن، یان هەژارن، وەزارەتى پلاندانانیش بڵاویکردووەتەوە 14% ى گەنجانى عێراق بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکى بژێوییان نییە.

قاسم حسێن، سەرۆک و دامەرێنەری کۆمەڵەى دەرونناسانى عێراقیش رایگەیاندووە گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە گەنجەکان روویان لە بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر کردووە، لە رووى تەندروستییەوە کاریگەریی لەسەر کۆئەندامى دەماریان دروستدەکات و تواناى وەبەرهێنانیان نامێنێت، هەربۆیە بەشێکى زۆریان تووشى کێشەى جۆراوجۆرو ئەنجامدانى تاوان دەبن بەتایبەتى کوشتن و دزیکردن و خۆکوژیی و خیانەتى هاوسەرى و تەنانەت هەندێکیان پەنا بۆ بەکرێدانى هاوسەرەکانیان دەبەن و بەشێکیشیان دەست دەدەنە تاوانى قێزەونى تریش.

عەلى تەمیمی پسپۆڕی یاسایی و شارەزا لە دەستوورى عێراق دەڵێت: یاساى مادەهۆشبەرەکانى ساڵی 1965 ـى عیراق 15 ساڵ زیندانى بۆ بەکارهێنەرانى مادەى هۆشبەر دیاریکردووە، بەڵام هەموارکراوەى ساڵی 2017 ئەو ماویەى کەمکردووەتەوە بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ لەگەڵ پێبژاردنى دە ملیۆن دینار، هەربۆیە وەک ئەو پسپۆڕە ئاماژەى پێدەکات یاسا نوێیەکەى دەستى شلکردووەو هۆکارێکە بۆ پەرەسەندنى دیاردەکە. 

فازڵ غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ڕایگەیاندووە،  بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ماوەی سێ ساڵدا 38 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددە هۆشبەری دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی 2022، 17 هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون کە 123 کەسییان بیانیی بوون، هەروەها بڕی نیو تۆن لە هەموو جۆرەکانی ماددەی هۆشبەردەستى بەسەردا گیراوە لەگەڵ 18 ملیۆن حەب.

غەراوی باسی لەوەشکردووە، ساڵی 2023، حەوت هەزار بازرگان و بەکاربەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراوە و 12 تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە. دەشڵێت: لە ساڵی 2024دا، حەوت هەزار بازرگان و باکاربەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی (12) تۆن ماددەی هۆشبەر و مادەی دەروونی کە لە ماوەى شەش مانگی ئەمساڵدا بە ئەندازى ساڵی 2023 بووە بەتەواوى ، خۆئەگەر سەیرێکى تری ژمارەکان بکەینەوە لەو مەترسییە تێدەگەین کە ساڵ لە دواى ساڵ چەندە بەکارهێنەرو بازرگانى مادەى هۆشبەر روویان لە زیادبوونە،  ڕێژەی مامەڵەکردنی خراپ لە ناوچە هەژار نیشینەکاندا گەیشتووەتە 17% و هەروەها تەمەنی تۆمەتباران لە نێوان 15-30 ساڵی بووە.

زۆرترین ماددەی خراپی هۆشبەری بەکارهێنراو لە عێراق بریتی بووە لە کریستاڵ کە 37.3%، بووە، هەروەها کاپتاگۆن 34.35% و جۆرەکانی دیکە 28.35% بووە.

غەراوی داوای لە حکوومەت کردووە ڕۆژی 26ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی نیشتمانی بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان دیاری بکرێت، هاوکات داوای کردووە هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی ماددە هۆشبەرەکان دەست پی بکرێت، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، و یاسای ماددە هۆشبەرەکانیش هەموار بکرێتەوە بەجۆرێک کە رێگریی بکات لە بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP