دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 27/05/2024

نەخۆشی فۆبیا چییە؟

هەرێم نیوز

د. هەژار عوسمان، پسپۆڕی دەروون و مێشك،ئاماژەبەوەدەكات، فۆبیا جۆرێكە لە جۆرەكانی ترس، ترسیش شتێكی سروشتییە و هەموو مرۆڤێك بەشی خۆی لەهەندێ شوێن و لەهەندێ كات ترسی هەیە،بەڵام جاری وەها هەیە ترسەكە ئەوەندە زۆرە و ئەوەندە ناسروشتییە، كەدەبێتە هۆی شێواندنی ژیانی رۆژانەی كەسەكە، ئەم ترسە باش نیە و زەرەر مەندەو دەبێتە نەخۆشی، جۆرێك لە جۆرەكانی ترسیش پێدەڵێن فۆبیا، واتە ترسە لەشتێك یان شوێن و كاتێكی كۆنكرێتی.

ئەو هۆكارانە چین دەبێتە هۆی دروستبونی فۆبیا؟

ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، فۆبیا هەیە پێدەوترێت فۆبیای كۆمەڵایەتی، واتە ترسی كۆمەڵایەتی كە كەسەكە ترسی لەوە هەیە بچێتە ناو خەڵكەوە،چەند هۆكارێك هەن بەیەكەوە كاریگەری دەكەنەسەر ئەوەی كەسێك توشی فۆبیا بێت، یەكەم هۆی كۆمەڵایەتی ئەوەیە كە منداڵەكە بەجۆرێك بێت هان نەدرابێت بوێر و ئازا بێت بچێتە ناو خەڵكەوە و بچێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی بەرامبەر كرابێت و لێیدرابێت، هەروەها بونی روداوی ترسناك وەك( روداوی هاتوچۆ و تەقەكردن و بومەلەرزە و كارەساتە سروشتیەكان) كەبەسەر منداڵەكەدا هاتبێت و بینیبێتی، هەروەها هەندێ كەس هەیە فۆبیای لەئاژەڵ هەیە.

كێن ئەوانەی توشی فۆبیا دەبن؟

د.هەژار عوسمان، دەڵێت"لەهەموو تەمەنێكدا مرۆڤ ئەگەری هەیە توشی ئەم جۆرە ترسە ببێت، بەڵام ترس لەمنداڵدا زۆرترە وبەپێ قۆناغەكانی ژیان ترسەكە دەگۆڕێت، واتە ئەو كەسانەی زۆر پیرن و كاتێك چواردەوریان نەخۆش دەكەون هەستدەكەن دەوربەریان دەمرێت و هاوڕێیان كەمدەبێتەوە، توشی فۆبیا دەبن ئەمەش شتێكی سروشتیە كە ئەم كەسانە ترسیان لەمردن هەبێت، ترس بابەتێكی زۆر گرنگە لە دەروناسیدا ئەگەر چارەسەر نەكرێت و دەبێتە نەخۆشی و دەروون دەخوات"

زیانەكانی فۆبیا چین؟

ئەو پسپۆڕە رونیدەكاتەوە،ئەگەر كەسەكە ترسی كۆمەڵایەتی هەبوو توشی دابڕان دەبێت وناچیِتە دەرەوە ئەمەش كار لەئیش و كاری رۆژانەی دەكات، هەروەها كەسی توشبو بەفۆبیا و وایی لێدێت كوالیتی ژیانی ناخۆش دەبێت و كەسێكی داخراو دەبێت تێكەڵ بەهیچ كەسێك و كۆمەڵگە نابێت و رەنگ و جوانیەكانی ژیان نابینێت.

چارەسەرەكان:

د. هەژار عوسمان، لەبارەی چارەسەرەكانی نەخۆشیەكەوە، ئاماژەبەوە دەكات، كەسی توشبو بەنەخۆشیەكە پێویستی بە دەرمان و وەرگرتنی رێنمانی تایبەتە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە، هەروەها ئەگەر پێویستی كرد چارەسەری دەرونی تایبەت بە فۆبیا هەیە، كەبۆی هەیە پێویست بكات شەش جار هەرجارەی نیو كاتژمێر لەلایەن پزیشكی دەرونی پسپۆرەوە لەسەر جۆری ترسەكەی رێنمانی بكات، لەو رێگەیەوە بەشێوەیەكی باش چارەسەر بكرێت و لەڕەگ و ریشە دەربهێنرێت ، دەتوانیت چارەسەری بنەڕەتی بكەیت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP