دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 2 هەفتە

سناپ چات و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان

ڕۆزا حەمە ساڵح

لەم دوایانەدا لە وڵاتی ئەمریکا توێژینەوەیەک دەریخستووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی، سناپ چات بەتایبەتی، زیانێکی دەروونی گەورە بە بەکارهێنەرانی دەگەیەنێت، ئەم تۆژینەوەیە ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە کە سناپ چات لەنێو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەدان کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەڵسوکەوت و ڕەفتاری گەنجان هەیە، بەتایبەتیی ڕەگەزی مێینە چونکە زیاد لە پێویست بەکاریدەهێنن.

سناپ چات کاریگەریی خراپ لەسەر بەکارهێنەرانی بەجێدەهێڵێت، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەپڵیکەیشنی بنچینەیی وێنەیە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئاسان نییە بۆ بەکارهێنەران خۆیانی لێ بەدوور بگرن.
توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە ئەم ئەپڵیکەیشنە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندرووستی بەجێ دەهێڵێت، تاک بەرەو تەنیای و گۆشەگیری و خەمۆکی و دڵەڕاوکێی و دەستەمۆیی و ترس دەبات. لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە ئەو کەسانەی کاتێکی زۆر لە بەکارهێنانی سناپ چات بەسەر دەبەن، وایان لێ دێت کە لە ڕووخساری سرووشتی خۆیان ڕازی نەبن، هەست بەکەمو کوورتی بکەن، کاتێک ڕواڵەتی خۆیان بە سرووشتی دەبینن و بەراوردی دەکەن بەو فیلتەرانەی کە لە سناپ چاتەدا هەیە پەنا بۆ نەشتەرگەری جوانکاری دەبەن، بۆ تۆکس و فیلەر دەکەن تاوەکوو ڕووخساریان وەک وێنەکانی سناپ چاتی لێبێت.

لەم سەردەمەدا ئەم جۆرە ئەپڵیکەیشنانە تەواوی جیهانی داگیرکردووە، بەگشتی مرۆڤەکان ناتوانن خۆیانی لێ بەدور بگرن، هەر بۆیە توێژەران ڕێگە چارەیەکیان پێشنیارکردووە، ئەویش بریتییە لە بیرخستنەوەی بەکارهێنەران کە ژیان لە دەرەوەی ئەم جۆرە ئەپلیکەیشنانە بوونی هەیە و دەبێت مرۆڤ کەمترین کاتی خۆی بۆ تەرخان بکات.

بەکارهێنانی سناپ چات لە وڵاتانی پێشکەوتوودا زۆر کەمترە بە بەراورد بە وڵات و کۆمەڵگە دواکەوتووەکان.

کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی تاکەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر و ڕۆژانە بەکاریدەهێنن، هەر یەک لە ئێمە لە چواردەوری خۆماندا نموونەکان بەڕوونی دەیبینین. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مرۆڤەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەتیی زۆر بە خراپی ئالوودەی ئەم پێگە ئەلیکترۆنییە بوون، هێندە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونیان درووستکردووە، تا ئەو ڕادەیە کە متمانەیان بە خۆیان نەماوە، دۆخێکی مەترسیدار خوڵقاوە وای لێهاتووە زۆرینەی ژنان بەبێ فلتەری سناپ چات ناتوانن وێنە بگرن، واقعی ژیان و ڕوخساری خۆیان بەتەواوی لەبیر کردووە، ژیانی تایبەتیی خۆیان کردووەتە کاڵایەک بۆ ئەوەی هەمووان بیبینن، وەک ئەوەی کە تەنیا ژیان بریتی بێت لە وێنە گرتن و نمایشکردنی ساختە.

سناپ چات سنووری خێزانەکانی بەزاندووە، لە ڕابردوودا قوورس بوو بۆ مرۆڤ کە بتوانێت زانیاری تایبەتیی لەسەر ژیانی خێزانەکان دەست بکەوێت، بەڵام ئێستا و بەهۆی سناپ چاتەوە ئەو کارە زۆر ئاسان بووە، خێزان بەهۆی سناپ چاتەوە تا ڕادەیەک ڕووت بووەتەوە و هیچ شتێکی تێدا بە نهێنی نەماوەتەوە.

ژنان هەر لە کۆنەوە پیرۆزی خۆیانیان هەبووە، بەرپرسیارییەتییان هەڵگرتووە، بنچینە و بڕبڕەی ڕاگرتنی خێزانەکانیان بوون، نهێنییەکانی ناو خێزانەکانیان پاراستووە، بەو هۆیەشەوە کێشە و گرفتەکانی ناو خێزان کەمتر بوون. بەڵام لە ئێستادا ژنان بە گشتی کەمتر لە خەمی خێزاندان، کەمتر بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرن، ئەوان زۆرترینن کە ئەم پێگە ئەلکترۆنیە بەکاردەهێنن، ڕۆژانە لە پێشبڕکێدان بۆ نمایشکردنی ژیانی تایبەتیی خۆیان، چوونە دەرەوەیان، پەیوەندییەکانیان، جلوبەرگەکانیان کە دەیپۆشن، چێشت و خواردنەکانیان کە ڕۆژانە لە سناپ چات دایدەنێن، لەم ئەپڵیکەیشنەدا ژنان ژیانێکی پڕ لە ڕۆمانسییەت و خۆشەویستی دەژین، بەڵام ڕەنگە ڕاستییەکە تەواو پێچەوانە بێت و هەوڵێک بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەموکوورتییەکانی ناو ژیانیان.

لە ئێستادا پێوەرەکان ئەوە نیشان دەدەن کە تا چەند ژنان بەدەست تێکچوونی دەروونی و نەبوونی متمانە وە دەناڵێنن، ئەمەش بە کۆمەڵێک نیشانە دەستنیشان دەکرێت، کە گرنگترینیان فێڵەکانی بەرگریکردنە لە خۆیان، خۆشەویستی بۆ خۆنمایشکردن و شانازیکردن لە بەردەم کەسانی دیکەدا، تیشک خستنە سەر ژیانی تایبەتیی خۆیان و تایبەتمەندییەکانیان، تەنانەت ئەگەر بێماناش بن.

کەواتە ئەو خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنە کە لە ڕێگەی سناپ چاتەوە دەکرێت چێژ وەرگرتنێکی کاتییە، کێبڕکێی نێوان مرۆڤەکان و ئامرازێکە بۆ وروژاندنی ئیرەیی لەنێوان خۆیاندا، ئەم جۆرە کاردانانەوە دەرخەری ئاستی نزمی هۆشیارییە، کە پەیوەندی بە پەروەردەوە نییە، بەو پێیەی زۆرینەی بەکارهێنەرانی خوێندەوارن و زۆربەیشیان دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکانیشن، بەڵام خاوەنی هۆشیارییەکی بەرز نیین.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و سناپ چات بەتایبەتیی دزەیان کردۆتە ناو ماڵەکانمانەوە، ئەم پێگە ئەلکترۆنیانە وایان لە بەکارهێنەرانیان کردووە کە بکەونە پۆلی ئاڵوودەبوون و پەیوەندی بەردەوامیان بەم تۆڕانەوە هەبێت و لە واقیعی ژیانی خۆیان داببڕێن و دوور بکەونەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها نەهێشتنی تایبەتمەندی تاک و هەنگاونان بەرەو ژیانێکی ڕووکەشیانە.

گومانی تێدا نییە کە بڵاوکردنەوەی تایبەتمەندی و داگیرکردنی ژیانی تاک شتێکی نەخوازراون بۆ هەمووان، کارێکی نامۆ و ڕەفتارێکی نەشیاوە، بەتایبەت لەناو کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا. دەبینین دۆخێک خوڵقاوە زۆرێک لەو چەمکانەی کە پەیوەستن بە ڕێز و حورمەت و خۆپاراستن و هێڵە سوورەکان خەریکە نامێنێت، ئەوەی لە ڕابردوودا قەدەغە بووە، هەنوکە ڕێگەپێدراوە و لەم تۆڕە کۆمەڵایانەدا بڵاودەبێتەوە، ئەم پێگانە وەک ڤایرۆسیان لێهاتووە و مرۆڤ هیچ بەرگرییەکی لە بەرانبەریدا نەماوە. لەناو کولتووری تەواوی کۆمەڵگەکاندا، شتێک بوونی هەیە کە پێی دەوترێت عەیبە، زیادەڕەوی لە هەر شتێکدا دەبێتە مایەی عەیبە و شەرمەزاری، ئیدی چ ژن بێت یان پیاو. دەبێت ئێمەی مرۆڤ لە دەروازە ڕاستەکان بەدوای ڕاستەقینەی خۆماندا بگەڕێین، ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانانمان سنووردار بکەین، ئەگەر هاتوو چەمکی شەرم لەنێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدا بوونی نەما، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو داڕمان دەڕوات، بەها جوان و پیرۆزەکان نامێنێت و ڕێز و شکۆی مرۆڤەکان دەڕوخێت.[1]
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP