دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

سەرۆکی دادگاى فیدراڵی: هەرێمى کوردستان قەوارەیەکى دەستوورییە و دەتوانێت دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکانى جێبەجێ بکات

هەرێم نیوز

رۆژى چوارشەممەى رابوردوو، 24ـى نیسانى 2024 سەرۆکی دادگاى فیدراڵی قازى جاسم محەمەد عەبود پێشوازى لە نەسیر مەمدوف باڵیۆزی ئازەربایجان کرد و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەى کۆمەڵێک تەوەرەوەکرد، بەتایبەتى گۆڕینەوەى زانیارییە یاساییەکان و لەناویشیاندا بابەتە دەستوورییەکان، سەرۆکى دادگاى فیدراڵی لەڕێگەى باڵێۆزەوە هیواى سەرکەوتنى بۆ دادگاى دەستووری ئازەربایجان خواستووە، هەروەها داواى کردووە کە لە پەیوەندى بەردەوامدا بن بۆ ئەوەى لەبوارى دەستووریدا شارەزاییەکانیان بگۆرنەوە، لەبەر ئەوەى رێگەیەکى لەبارو گونجاوە بۆ پەرەپێدانى دیمەکراسییەت، هەروەها سەروەری یاساو جێیەجێکردنى، هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆکى دادگا ئاماژەى بەوەشکردووە کە دادگاى فیدراڵی ئاسۆی پەیوەندییەکانى بەڕووى جیهانى عەرەبی وجیهانیدا کردووەتەوە، بۆ ئەوەى بتوانن پشتیوانى لە پرۆسەى سیاسی و دیموکراسییەت بکەن لەعێراق.

هەردوولا گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەبارەى بڕیارەکامنى دادگاى فیدراڵییەوە کرد، بەتایبەتى ئەوانەیان کەپەیوەندییان بە دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران و هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە لە هەرێمى کوردستان، هەروەها باسیان لەوەشکردووە بڕیارەکەى دادگا حکومەتى فیدراڵی ناچارکردووە بە دابینکردنى مووچەى سەرجەم هاووڵاتیانى عێراقى بە شێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازیی بەپێی مادەى 14 لە دەستوورى عێراقى ساڵى 2005 ، لەگەڵ ئەوەشدا کە یاساى ژمارە 13 ى بودجە بۆ ساڵەکانى 2023، 2024 و 2025، و جێبەجێکردنى برگەکانى أ،ب،ج،د لە مادەى 12 جەخت دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتى فیدراڵی سەرجەم شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لەکاتى خۆیدا بنێرێت، دادگاى فیدراڵی بۆی دەرکەوتووە کە ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر بژێوى هاووڵاتییان و بووەتە رێگر لەوەى شایستە داراییەکانیان وەربگرن، هەربۆیە دادگا بریاری داو حکومەتى ناوەندى ناچارکرد لە مانگێکدا دوو مووچەیان بۆ رەوانە بکات.

سەرۆکی دادگاى فیدراڵی رایگەیاندووە بەگوێرەى دەستوور عێراق پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵێک پارێزگا و هەرێمى خۆبەرڕێوەبەریی و ئیدارەى سەربەخۆ پێکدێت بە پێى مادەى 116 ى دەستوور و لە مادەى 117 شدا بە راشکاویی دان بە هەرێمى کوردستاندا نراوە وەک هەرێمێکى سەربەخۆ و بەگوێرەى دەستوور دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتە یاسایی و جێەجێکارییەکانى خۆی ئەنجام بدات بەگوێرەى مادەى 121 بڕگەى یەکەم، هەربە گویرەى ئەو مادەیە دەسەڵاتەکانى هەرێم لە دەسەڵاتى پارێزگاکان فراوانترە لە ڕووی کارگێریی و دارایشەوە، بەگوێرەى دەستوور دەتوانێت مومارەسەى دەسەڵاتەکانى خۆی بکات بەگوێرەى مادەى 122 برگەى دووەم.

باڵێۆزی ئازەربایجانیش رایگەیاندووە کە وڵاتى ئازەربایجان خوازیارى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ عێراق لەهەموو روویەکەوە بەتایبەتى لەرووى یاسایی و دەستوورییەوە، ئاماژەى بەوەش کردووە بەو پێیەى کە دادگاى فیدراڵی بڕیارەکانى هێندە کاریگەرییان هەیە، نیشاندەرى ئەوەیە کە دادگاکان بەرەو سەربەخۆیی تەواو هەنگاوهەڵدەگرێت، ئەمەش هەنگاوێکی زۆرباش دەبێت بۆ چەسپاندنى دەستوور و دیموکراسییەت لە عێراق دا، باسی لەوەشکردووە ئەم رێگەیە سیستمى پەرلەمانى بەهێزتر دەکات و پەیوەندی لە مێژینەى عێراق و ئازەربایجانیش دەخوزێت کە بە خێرایی هەردوولا کار بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان نێوان هەردوو وڵات بکرێت بەتایبەتى لە بوارى دەستووریدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP