دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

داوا لە سودانی دەکرێت گەنمی جووتیارانی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق وەربگرێت

هەرێم نیوز

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، داوامان لە سەرۆکوەزیران کرد وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی جوتیارانی ناوەراست و خواروی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان بێت.

وەزیری کشتوکاڵ دەشڵێت، داوامان کردووە ڕەزامەندی بدرێت لەسەر دابینکردنی بوجەی پێویست بۆ دەستپێکردنی رێککارەکانی دروستکردنی هەر چوار بەنداوەکانی(دەلگە ،باکرمان، مەنداوە تەقتەق ) و پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی بۆ دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودێری و سوودوەرگرتن لەسەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و، دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی هەرسێ بەنداوە گرنگ و ستراتیژییەکانی هەرێم (دوکان ، دەربەندیخان ، دهۆک).

داواکارییەکی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا، بەوتەی وەزیری کشتوکاڵ، بریتی بووە لە هاوکاری و کارئاسانی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریە کشتوکاڵییەکان لە پێدانی قەرزی کشتوکاڵی و ئامێر و کەلوپەلەکان و دەرمان و پەینی کیمیایی هاوشێوەی جوتیارانی ناوەراست و خواروی عێراق.

بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە بەیانی تیمی تەکنیکی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق کۆببنەوە بۆ مەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەیی بەرهەم (غیلە)بۆ هەر دۆنمێک.

هاوکات، دروستکردنی تیمێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا بۆ مەبەستی خێراکردنی رێککارکانی دروستکردنی هەر چوار بەنداوە ستراتیژییەکانی سەرەوە و، دیاریکردنی ڕێژەی پاڵپشتی جوتیارانی هەرێم بەپێی یاسای بودجە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP