دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

مانشێتی میدیاكانی ئێران :ئێرە تارانە بەکاتی هەرێمی کوردستان" گرنگی سەردانەکەی بارزانی" بۆ تاران

هەرێم نیوز

سەرۆکی هەرێمى کوردستان لەم سەردانەى دواییدا بۆ تاران سەرنجی هەمووانى بەلاى خۆیدا راکێشاو میدیا فەرمی و نافەرمییەکانى ئێران بە بایەخ و خۆشحاڵییەوە هەواڵەکانیان گواستەوەو زۆرینەشیان بەراوردیان کردووە لەگەڵ بەرپرسانى دیکەى هەرێمى کوردستان و زۆرینەشیان رایان لەگەڵ ئەوەدایە نێچیرڤان بارزانى جگە لەوەى کەسایەتییەکى دامەزراوى سیاسی و بە ئەزموونە، لەگەڵ ئەوەشدا تواناى چارەسەرکردنى کێشەکانیشى هەیە.

بۆچى سەفەرەکەى نێچپرڤان بارزانى بۆ ئێران گرنگە؟ ناونیشانى یەکێک لە راپۆرتەکاتنى پێگەى میهرى فەرمیى ئێرانە و تیایدا هاتووە:

سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى لەکاتێکدایە هەردوو کۆنسوڵخانەى ئێران لە هەولێر و سلێمانى رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لە بەهێزکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد و نەهێشتنى خاڵەکانى لە یەکتر نەگەشتن و توانیویانە کێشەکانى نێوانیان تاڕادەیەکى زۆر چارەسەر بکەن. لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە ناکۆکییە بەردەوامەکانى بەغداد و هەرێمدا ئێران هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر نەک بە پێچەوانەوە.

بەشێکى راپۆرتەکە باس لەمێژووى پەیوەندییەکانى پارتە کوردییەکان بەگشتى و بارزانییەکان بەتایبەتى دەکات لەگەڵ ئێران و هاوکارییەکانى ئەو وڵاتە بۆ کوردەکان لەکاتى هەر کێشەو گرفتێکدا، تیایدا هاتووە کۆمارى ئیسلامى ئێران تاکە وڵاتە کە کوردەکانیان بەتەنها جێنەهێشتووە، هەروەها باسی لەوەشکردووە کە کورد بەگشتى و بارزانییەکان بەتایبەتى لە جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا پشتى ئێرانیان گرتووەو بەشداریی کارایان هەبووە لە دژى عیراقى سەردەمی بەعسدا.

لەبارەى بوونى هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئیرانیش لە عێراق لە راپۆرتەکەدا هاتووە:

پاش سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکان لەجاران باشتر بکرێت و کەلەبەرێک نەمێنێتەوە هێزە نەیارەکانى ئێران لە هەرێمى کوردستانەوە کێشە بۆ ئەمنیەتى ئەو وڵاتە دروستبکەن.

چاوەڕێش دەکرێت لە سنوورى هەرێمى کوردستانەوە وردتر کۆنترۆڵ بکرێت و لەبەرامبەردا چەندین گرێبەستى ئابووری واژۆبکەن و لە کۆتاییشدا لەبەرژەوەندى هاووڵاتیان بشکێتەوە.

لە راپۆرتێکى دیکەى میهردا هاتووە:

ئێرە تارانە بەکاتى هەرێمى کوردستان، گرنگی سەردانەکەى بارزانى بۆ تارانى کردووەتە مانشێتى سەرەکی و باس لەوە دەکات نیچیرڤان بارزانى یەکێکە لە دەموچاوە میانڕەوەکانى کوردانى عێراق، لەناوخۆو جیهانیش کەسێکى پەسەندکراو و سەقامگیرە، لەو سەفەرەدا چاوەڕێ دەکرێت نەیارەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران لە سنوورەکانى نێوان هەردوولا دورتربخرێنەوە، چەکیان لێداماڵن، لەو سەردانەدا باس لە بابەتە ئابووری و بازرگانى و ئەمنییەکانى هەردوولا دەکرێت و رێککەوتنیان لەبارەوە دەکرێت.

لەم سەفەرەدا چاوەڕێ دەکرێت بارزانى رەزامەندى بەرپرسانى باڵای ئێران لە بوارى هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان و دواخستنى هەڵبژاردن و دابینکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق بەدەستبهێنێت و ئەوەش دەبێتە دەستکەوێتێکى گەورە بۆ سەرۆکی هەرێمى کوردستان.

پێگەى فارسی (هفت صبح)یش راپۆرتێکى نوسیوە وتیایدا هاتووە بە پاساوى هاتنى سەرۆکی هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئێران نوسیویەتى:

پێویستە لەسەر هەردوولا دراوسێی باشبن و نان و نمەک کاریگەریی هەربێت لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکانى هەردوولا، هەرچەندە پەیوەندی نێوان بارزانییەکان و ئێران مێژوویەکى درێژى هەیە، بەڵام هیچ کات وەک پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و تاڵەبانییەکان نەبووە و نەیانتوانیوە پەیوەندییەکى باشیان هەبێت.

هەروەها نوسیویەتى: کۆتا هێرشى ئێران بۆ سەر هەولێر نەبووە هۆی ناکۆکی لە نێوان بەغداد و تاران،  بەڵام هەرێمی كوردستانی نیگەران كرد، وا چوارمانگ بەسەر ئەو روداوەدا تێدەپەڕێت و نێچیرڤان بارزانى لە تارانە و دیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران گرێبداتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP