دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئێران

هەرێم نیوز

درەنگانی ئەمشەو ئیسرائیل چەندین هێرشی کردووەتە سەر ئێران.

میدیای فەرمی ئێران ڕوودانی تەقینەوەی لە نزیک شاری ئیسفەهان پشتڕاست کردەوە.

میدیای ئێران دەڵێت: سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ئیسفەهان تێکشکێنران

 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، "سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" کە لە ئاسمانی ئیسفەهان بینرابوون، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی "لەناوچوون".

سێ بەرپرسی ئێرانی بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاند. لە نزیک شاری ئیسفەهان هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی سەربازی.

لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی ئێران گەشتە ئاسمانییەکانیان لە ئاسمانی تاران و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران ڕاگرت.

 سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی سنوورداری لە ئیسفەهان پشتڕاستکردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوریاش بەئامانج گیراوە. ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هێرشەکان پارێزگای ئەلسویدەیان کردە ئامانج لە باشووری سوریا.

هەروەها میدیاکانی ئێران باسیان لە چالاککردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە شاری تەبرێزیش کردووە.

 بەرپرسێکی ئەمریکی بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند: ئیسرائیل هێرشی کردە سەر خاکی ئێران، بەڵام هیچ شوێنێکی ئەتۆمی ئێرانی نەکردە ئامانج.

میدیاکانی ئێران دەڵێن، دوای بیستنی دەنگی تەقینەوەکان هیچ زیانێکی گەورە نەبووە.

ئەمریکییەکان دەڵێن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سنوورداربووە.

بەرپرسان و میدیای ئێرانی زیاتر لەبری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەڵێن سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ خستنەخوارەوەی "تەن و شتی نادیار" کەوتوونەتەکار.

میدیاکانی ئێران دیمەنی ئیسفەهان دەگوازنەوە و باس لە ئارامی و پارێزراوی بنکەی ئەتۆمی ئەو ناوچەیە دەکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP