دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئەی بی سی نیوز: فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەژێرزەمینەکاندا خۆیان شاردووەتەوە

هەرێم نیوز

هاوکات لەگەڵ قسە و باسەکان سەبارەت بەوەی کەی و چۆن ئیسرائیل وەڵامی هێرشی "تۆڵەسەندنەوە"ی تاران دەداتەوە، کاربەدەستانی ئیسرائیل خۆیان ئامادە کردبوو لەم هەفتەیەدا لانیکەم دووجار وەڵامی ئێران بدەنەوە، بەڵام پێش جێبەجێکردنی سەرلەنوێ بەبڕیارەکانیاندا چوونەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل بە وێبسایتی"ئەکسیوس"یان ڕاگەیاندووە، کابینەی جەنگی وڵاتەکەیان لەم هەفتەیەدا بە هۆکاری تایبەت بە "ئۆپەراسیۆن" وازی لە وەڵامدانەوەی ئێران هێناوە.

کەناڵی "ئەی بی سی نیوز" لە زاری بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلەوە، کە ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکراوە، نووسیویەتی کابینەی جەنگی ئیسرائیل پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک بژاردەدا کردووە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران.  هێرشکردنە سەر گروپە بە میلیشیاکانی ئێران لە ناوچەکە و دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی خاکی ئێران و هەروەها هێرشی سایبەری بۆ سەر دامودەزگاکانی حکومەت لە کۆماری ئیسلامی لە بژاردەکانی پێشنیارکراوی ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیلن.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە کاتی ئەم کاردانەوەیانە ڕایگەیاند کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئیسرائیل دوای جەژنی پەسح کاردانەوەی بەرامبەر ئێران دەبێت.  جەژنی پەسحی جولەکەکان لە ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئایار دەست پێدەکات و تا سێشەممە ١١ی ئایار بەردەوام دەبێت.  ئەم بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC News جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەریشی هەیە دۆخەکە بگۆڕێت و ئیسرائیل پێش جەژنی پەسح هێرش بکاتە سەر.

ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان لە ئێران

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە بە کەناڵی ABC Newsی ڕاگەیاندووە کە سوپای پاسداران لە ئامادەباشی تەواودایە و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی ئێران پەنایان بۆ "خانووی پارێزراوەکان" و دامەزراوە ژێرزەمینییەکان بردووە.

ڕۆژی شەممە، کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و بە وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی تاران لە دیمەشق ناویبرد.

لە کاتێکدا ئێران دەڵێت ئەم هێرشانە بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەسەدا 99ی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران هەڵیانداوە، ڕێگرییان لێکردووە و لەناویان بردووە.

ئێران لە سوریا کشایەوە

واڵ ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری بەرپرسانی ئێرانی و سوری بڵاویکردەوە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە هێرشی ئیسرایل وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا سەرقاڵی کشانەوەی هێزەکانی خۆیەتی.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی سوری، سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان بەرپرسە باڵاکانی خۆیان لە سوریا کەمکردووەتەوە.

ئاژانسی "ئەی بی سی" ئەمریکیش بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئێران، چەند بژاردەیەکیان لەبەردەستدا هەیە، بەڵام بەوتەی سەرچاوەی ئیسرائیلی، هێرش بۆ سەر هێزە نزیکەکانی ئێران لە دەرەوەی خاکی خۆیان، لەگەڵ هێرشی سایبەری بۆ سەر ژێرخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو بژاردانەن کە ئەگەری زۆرە ئیسرائیل پەنایان بۆ ببات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP