دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 پێش 2 هەفتە

نەخۆشی سورێژە (MEASLES) چیە؟

هەرێم نیوز

سورێژە نەخۆشیەكی ڤایرۆسی توندی مەترسیداری درمییە تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت و دواتر بە لەشدا بڵاودەبێتەوە.

ئەو كەسانەی تووشی سوورێژە دەبن لەهەر تەمەنێكدا بێت، ئەگەر كەسەكە پێشتر سورێژەی نەگرتبێت یاخود كوتانی بۆ نەكرابێت ، زیاتر منداڵان و ژنانی دووگیان مەترسیان لەسەرە ئەگەر ڤاكسینیان وەرنەگرتبێت تووشی ئەم نەخۆشیە ببن.

ڕێكارەكانی گواستنەوەی سورێژە

ئەم ڤایرۆسە بەئاسانی لەڕێگەی كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە لەهەوادا لەڕێگەی:

* هەناسەدان و كۆكە و پژمە.

* دەست لێدانی ئەو ڕووانەی ڤایرۆسەكەیان پێوەیە.

* لەكەسێكی تووشبوو دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی ساغ لەماوەی چوار ڕۆژ پێش دەركەوتنی پەڵەی پێست و چوار ڕۆژ دوای دەركەوتنی پەڵەی پێست لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.

نیشانەكانی سورێژە

نیشانە سەرەتاییەكانی بەگشتی دوای 10 بۆ 14 ڕۆژ دەردەكەوێت و دوای چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ناو لەش و دەركەوتنی پەڵەی پێست دوای 7بۆ 18 ڕۆژ و ئەمانە نیشانەكاتنی نەخۆشیەكەیە:

- بوونی تایەكی بەهێز و كۆكە و هەڵامەت.

- پەڵەی سەر پێست.

- سووربوونەوە و تەڕیی چاوەكان.

دوای 3 بۆ 5 ڕۆژ لەدەركەوتنی نیشانە سەرەتاییەكانی پەڵە لەسەر پێست دروست دەبێت بەشێوەی پەڵەی سوور بەبێ كێم و برین، پەڵەكان لەدەم و چاو و بەشی سەرەوەی مل دەستپێدەكات تاپشتی گوێیەكان، لەوانەیە لەمنداڵی شیرەخۆر و منداڵی تر سكچوون دروست بكات.

دەرەنجامە لاوەكیەكانی دوای تووشبوون بە سورێژە

* سكچوونی توند و ڕشانەوە.

* هەوكردنی گوێ و هەوكردنی سییەكان.

* هەوكردنی مێشك (هەڵاوسانی مێشك) پێدەچێت ببێتە هۆی كەڕبوون یان كێشەی بیروهۆش.

* كەڕبوون یان كوێربوون.

* لەبارچوونی منداڵ لای دایكی دوگیان یان مردنی كۆرپە لەسكی دایكی یان پێشوەختە لەدایك بوون.

* دابەزینی كێشی منداڵی تازە لەدایك بوو.

رێكارەكانی خۆپاراستن لە سوورێژە

وەرگرتنی ڤاكسین باشترین رێكاری خۆپارێزییە لە نەخۆشی سوورێژە ، وەرگرتنی ڤاكسین بەرگری درێژخایەن دەدات بەرامبەر نەخۆشی سورێژە كە دەگاتە 97%.

چی بكرێت لەكاتی تووشبوون بە سورێژە

- مانەوە لەماڵەوە و دوركەوتنەوە لەشوێنە گشتیەكان و بەكارنەهێنانی هۆكاری گواستنەوەی گشتی.

- سەردان نەكردنی كەسانی تر بەتایبەت ئەوانەی كوتانی سورێژەیان بۆ نەكراوە.

- وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن و لەدەوام تاوەكو بەچاكبوونەوەی تەواوەتی.

"وەزارەتی تەندروستی هەرێم"



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP