هەرێم نیوز
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامدانی تیروپشكی بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدەكان بۆ رۆژی 8ی ئەم مانگە دواخست.
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی وردبینی بڕیاردرا وادەی ئەنجامدانی تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزب و كاندیدەكان لە حەوتی ئەم مانگەوە بۆ هەشتی مانگ دوابخات، واتە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لەسەعات 11ی بەیانییەوە دەستپێدەكات.
پێشتر جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندبوو، تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانی و حزبەكان سیاسییەكان و كاندیدەكان لە ژمارە 101 بەرەو سەرەوە دەستپێدەكات.
دوێنێ سێشەممە، 2ی 4ی 2024 جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، دوای كۆتایهاتن و داخستنی ماوەی وەرگرتنی لیستی كاندیدەكان, ئەنجومەنی كۆمیسیاران بڕیاریداوە، لە رۆژی (7)ی نیسان لە بارەگای كۆمسیۆ، تیروپشك بۆ ژمارەی هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسیەكان و كاندیدەكان بكات.
ئەمەش لەكاتێكدایە، تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان, لیستی كاندیدەكانی پێشكەش بە كۆمسیۆن نەكردووە، لەپاڵ ئەمەشدا رۆژی (7)ی تەمموزی ئەمساڵ، وادەی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایدێت، ئەوەش فشارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چڕتركردووەتەوە، بەوپێیەی هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆن، هێندەی تر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوور دەخاتەوە.
رۆژی 10ى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لیست و هاوپەیمانێتییەکان ناوی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە و 31ی 3ی2024 کۆتا وادەی پێشکەش کردنی ناوی کاندیدەکان بو بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمیسیۆن نەکرد.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێکڕا 20 حزب و 2 هاوپەیمانێتی و 62 کاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە تۆمارکراون، کە لەبازنەکانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی وادەی ناو تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان کۆتاییهاتووە، تەنها دوو هاوپەیمانێتی و 10 حزب و 54 کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمار کردووە.