دواین هەواڵ

جیهان‌

 01/04/2024

سوپای پاسداران:لە هێرشی ئیسرائیل بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە سوریا دوو فەرماندە و پێنج ئەفسەرمان کوژرا

هەرێم نیوز

بینای کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بە هێرشێکی ئاسمانی کرایە ئامانج. حسێن ئەکبەری، باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق دوای ئەم هێرشە ڕایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیلی ئێف ٣٥ لە جۆلانەوە بە شەش مووشەک بینای کونسوڵخانەکەیان کردە ئامانج".

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئەوە هاتووە کە، لە هێرشەکەدا محەممەد ڕەزا زاهیدی و محەمەدهادی حاجی ڕەحیمی کە فەرماندەی باڵای پاسداران و ڕاوێژکاری سەربازی بوون کوژراون. لەگەڵ کوژرانی پێنج ئەفسەری دیکە.

میدیاکانی ئێران دەڵێن کوژراوەکان سەرجەمیان ئەندامانی سوپای پاسداران بوون. دەشڵێن حسێن ئەکبەری باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق و بنەماڵەکەی لە ئەنجامی ئەم هێرشە بریندار نەبوون.

باڵوێزی ئێران لە دیمەشق ڕایگەیاند، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی هێرشی سەر کونسوڵخانەی ئێران دەدەینەوە. وتیشی با ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی ئێمە بێت.

ئەمە دووەم هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ سەر سوریا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا.

 هەینی ڕابردوو ئیسرائیل شاری حەلەبی سوریای کردە ئامانج کە لە کوشندەترین هێرش بۆ سەر سوریا لە چەند مانگی ڕابردوودا بوو، و لە ئەنجامدا زیاتر لە 40 کەس کوژران.

 ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان هێرشی بۆ سەر ئامانجە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە سوریا ئەنجامداوە، بەڵام بە دەگمەن ئەو هێرشانە پشتڕاست دەکاتەوە یان ڕەتیدەکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەم هێرشە هۆشداری دا و وتی، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئێران زۆر مەترسیدارە، ئەمەش دەتوانێت ناوچەکە بخاتە ناو شەڕێکی ئاشکرا، ئەمە وەک هێرشکردنە بۆ سەر خاکی ئێران، چونکە باڵیۆزخانەی ئێران بە خاکی ئێران دادەنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP