دواین هەواڵ

عێراق‌

 30/03/2024

هەوڵەکانی مالکی شکستی هێناوە و چوارچێوەی هەماهەنگی بوون بە دوو دەستە

هەرێم نیوز

لێدوانەکانی مالکی کە دژ بە محەمەد شیاع سودانی دەیکات و مەبەستیەتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دوری بخاتەوە، دابەشبونی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دروستکردوە، لە کۆتایشدا زۆربەی هێزە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە سودانی دەکەن.

رۆژنامەی(العربي الجديد) لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لێدوانە لەدوای یەكەكانی هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەمانگی ئاشكرایدەكەن، بازنەی پشتیوانی لە محەمەد شیاع سودانی، بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق, لە فراوانبوندایە،  لەبەرامبەر ئەو جموجۆڵانەی نوری مالیكی, سەرۆكی ئیئیلافی دەوڵەتی یاسا دەستیپێكردووە، بۆ رێگەگرتن لە سودانی جارێكی تر ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوەش ئاماژە بە دابەشوبونێكی روون دەكات لەناو چواچرێوەی هەماهەنگی.

مالیكی لە كۆمەڵێك لێدوانی جیاجیادا جەختیكردووە، سەرۆك وەزیران بۆی نەبێت بەشداری كێبڕكێی هەڵبژاردن بكات، تەنها لە حاڵەتێكدا نەبێت 6 مانگ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەست لەكاركێشابێتەوە, تا پۆستەی نەقۆزێتەوە بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن, ئەوەش وەك ئاماژەیەكی روون بۆ سودانی, كە پشتیوانی جەماوەری و سیاسی لە زیادبوندایە.

نوری مالکی ئاماژەی بەوەشکردوە، خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی حکومەت بۆ سودانی دەکەوێتە سەر هەڵبژاردن، زیاتر لە هەڵبژاردنیش پەیوەستە بە رێککەوتنی سیاسی، پێویستە هەمو لایەنێک لەوە تێبگەن کە ئەوەی کە زۆرترین کورسی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت نابێت خۆی بسەپێنێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

لێدوانەكانی مالیكی، وایكرد هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پێداچونەوە بە هەڵوێستیاندا بكەن و، پشتیوانی بۆ سودانی دەرببڕن و ڕەخنە لەمالیكی بگرن.

ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆكی كوتلەی سەنەد، پێشنیازەكەی مالیكی, بەدەست لەكاركێشانەوەی سودانی لەكاتی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن، بە نا لۆژێكی ناوبرد ئاماژەی بەوەشەكرد, هەڵوێستی سیاسیان روونە لە راسپاردنی سودانیەوە، بەتوندی پشتیوانی دەكەن, سودانی پرۆژەی سیاسی هەیەو بەشداری هەلبژاردن دەكات و لەچوارچێوەی لیستەكەیدا دەبن.

لای خۆیەوە, حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر, پشتیوانی خۆی بۆ ویلایەتی دووەمی سودانی و حكومەتەكەی دەربڕی، بۆ ئەوەی دەرفەتی خۆی وەربگرێت, بۆ بەدیهێنانی چاكسازییە حكومیەكان.

هاوکات پەرلەمانتارێکی سەر بە هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند، فشارەکانی مالکی لەسەر هێزە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، ئێستاش لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن دروستبوە کە زۆربەیان پشتیوانی لە مالیکی ناکەن و لەگەڵ سودانیدان.

لەنێو ئەو هێزانەی پشتیوانی سودانی دەكەن، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، عەسائیبی ئەهلی حەق, بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، هاوپەیمانی نەسر، بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، كۆمەڵێك هێزی تر كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ سەرەتای دروستبونی دابەشبون، لەنێوان هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP