دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق و فەرەنسا لە پاریس چەندین ڕێککەوتننامەی ستراتیژییان لە بوارەکانی بەرگری و وزە واژۆ کرد

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان کرد، کە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای بەرگری، کەرتی گاز، فڕۆکەوانیی مەدەنی و داهێنانی زانستی دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی 9ـی 2026، لە میانەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ پاریس، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆبووەوە.

 بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان بەغدا و پاریس تاوتوێ کران و لە پەراوێزی دیدارەکەشدا چەندین ڕێککەوتنی چارەنووسساز واژۆ کران.

لە کەرتی سەربازی و پڕچەککردندا، نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی عێراق بە مەبەستی دابینکردنی کەرەستەی سەربازی لەلایەن فەریق شوان مەزهەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراق و لیوا پاتریک بایۆ، بەڕێوەبەری گشتیی پڕچەککردن لە وەزارەتی سوپای فەرەنسا پەسەند کرا.

 هاوکات بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق، وەزارەتی بەرگری لەگەڵ کۆمپانیای هارماتانی فەرەنسی ڕێککەوتنێکی بۆ هاوکاریی ستراتیژی لە بواری بەرگریی ئاسمانی لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دا.

سەبارەت بە کەرتی وزە، جەنابی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ پاتریک پۆیانێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە گرێبەستی دابینکردن و فرۆشتنی گازی واژۆ کرد، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنیی وێستگەکان و کەمکردنەوەی کورتهێنانی وزەی کارەبایە.

لەلایەکی دیکەوە، هەردوو وڵات لە ڕێگەی یوسف خەلەف، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و شەمسەدین شیکاوا، بەڕێوەبەری گشتیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی فەرەنسا، جاڕنامەی نیازی هاوبەشیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی و پەرەپێدانی گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکان واژۆ کرد.

 لە کۆتاییشدا، جەنابی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ خاتوو ئیلینۆر کارۆ، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا ڕێککەوتننامەیەکی تایبەتیان لە بواری بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان، پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و برەودان بە داهێنان ئیمزا کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP