هەرێم نیوز
هاونیشتمانییان ئاگاداردەکاتەوە کە پێدانی جەژنانە بە ژینگەپارێزان ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاونیشتمانییەک ناچارنییە ئەو پارەیە بدات.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی بڵاوی كردەوە: ئاگاداری هەموو هاووڵاتییانمان لە شاری هەولێر دەکەینەوە، کە پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز، بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتییەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بە ناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی تر بدات بەو ژینگەپارێزانە.
راشیگەیاند: زانیاری دەدەین کە زۆرێک لە سواڵکەران بە ناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژنان لەناو کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ جەژنانە، ئێمە وەکو شارەوانی هیچ پەیوەندیمان پێیانەوە نییە و پێویستە هاووڵاتییان ئەگەر نیازی هاوکاری یان جەژنانەیان هەیە بە کرێکارانی شارەوانی، ئەوە بیدەن بەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان لەگەڵە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر ڕەفتارێکی نەشیاو لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بەرامبەر هاووڵاتییان وەک (بە زۆر وەرگرتنی پارە ، دیاریکردنی بڕەکەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگا و حاوییەی ماڵان، یان زبڵیان هەڵنەگرتەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان) یان هەڕ ڕەفتارێکی نەگونجاوی تر، دەتوانن پەیوەندی بە ژمارەی سکالای بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیەوە بکەن، بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست.