هەرێم نیوز
وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت ئاشکرای دەکات، کە 85%ی هەرێم خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرییە و نرخی کارەباش یەکخراوە، هاوکات دڵنیاییش دەدات کە کێشەی غازی ماڵان بەرەو چارەسەربوون دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، بە یاوەریی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگاکەی کردووە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی کارەبا و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.
ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا لە سەنتەری شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری کراوە، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و فراوانکردنی پرۆژەی ڕووناکی. هەروەها وەزیری کارەبا جەختی لەسەر ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان و باشترکردنی کاروباری فەرمانگەکان کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری کارەبا ڕایگەیاندووە، کە لە ئێستادا 85%ی هەرێمی کوردستان خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرییە و نرخی کارەباش لە سەرانسەری هەرێمدا یەکخراوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وەزارەتەکەیان تەنیا پشتی بە یەک سەرچاوە نەبەستووە و سەرچاوەکانیان جۆراوجۆرن، وەک نموونەیەکیش باسی لەوە کردووە کە لە کاتی وەستانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کارەبا کەم بووەتەوە بەڵام بەتەواوی نەوەستاوە.
سەبارەت بە کێشەی نەوت و غاز، کەمال محەممەد ئاشکرای کردووە، کە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە و جیهانیش هەبووە و بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.
سەرباری ئەوەش، دڵنیایی داوە کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غازی ماڵان بەردەوامن و لە ئێستادا ڕۆژانە 120 تۆن غاز بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش کێشەکە بەرەو چارەسەربوون دەچێت.