دواین هەواڵ

ئابوری‌

 28/03/2024

وەزارەتی دارایی: نزیکەی 98% کارەکانی لیستی مووچەی مانگی 3 تەواو بووە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دیناریان لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستویانەتە سەر هەژمارەکانی بانکی حکومەت، دەشڵێت، وەزارەتی دارایی: نزیکەی 98% کارەکانی لیستی مووچەی مانگی سێ تەواو بووە.

نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جولەی دراو لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند ، ئەمڕۆ نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە بانکی ناوەندی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو.

وتیشی، "ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە" .

ئاماژەی بەوەشکرد، " لە 5-3، لیستەکەمان ڕەوانەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بنێرن تاوەکو مووچە بەتەواوی دابەش بکەین".

 باسی لەوەشکرد،" سەرۆکی حکوومەت داوای کرد لیستی مانگی سێ ئامادەبکەین، ئێمەش دوو ڕۆژە خەریکی ئامادەکردنی ئەو پڕۆسەیەین و نزیکەی 98% کارەکانی لیستی مووچەی مانگی سێ تەواو بووە".

دەشڵێت،" لیستی مووچەی مانگی سێ پلە بەرزکردنەوەی لەگەڵ نییە، لەبەر ئەوەی داوامان کردووە لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومی بۆمان ڕەوانە بکەن تاوەکو بزانین ڕێژەکە و بڕی پارەکە چەندە، بۆ ئەوەی داوا لە عێراق بکەین ئەو بڕە پارەشمان بۆ بنێرن".

هەروەها لەبارەی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی  رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو مووچەی مانگی 2 دابەش دەکرێت و، لە 24 کاتژمێری داهاتووشدا لیستی مووچە رادەگەیەنرێت. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 27-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

وتیشی، "ئێمە حکوومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوەبۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن ".

پوختەی بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

1- دابەشكردنی مووچەی مانگی 2 ی 2024.
2- ئامادەكاری بۆ مووچەی مانگی 3 ی 2024.
3- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە تەرخانكردنی زەوی و دابەشكردنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دەکات کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون.
4- داشكاندن لە پارەی كەڵەكەبووی كارەبا و سزای هاتوچۆ و ئاو بە ڕێژەی 20% وە 50%ی ڕسوماتی هێنانی گۆشت و 20% لە كرێی خوێندنی پارالێل.
5- داشكاندنی ڕسوماتی شارەوانی بەتایبەت كرێی كرێچییەكان بە ڕێژەی 20%.
6- لێخۆشبوون لە سزای دواكەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران و كاسبكاران و كەمدەرامەتان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP