دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23/03/2024

كێ تەرمەكەى تاريق عەزيزى دزى؟

هەرێم نیوز 

تاريق عەزيز كە ناوى راستەقينەى (ميخائيل يوحەنا عەزيزە)، تاكە وەزيرى مەسيحى نێو حكومەتەكەى بەعسى هەڵوەشاوە بوو كە لە دايكبووى 28/4/1936 ى قەزاى تەلكێفى سەر بە پارێزگاى موسڵە، لە خێزانێكى كلدانى كاسۆلۆكيي لەدايكبووە، ساڵى 1963 كۆلێژى ئادابي زانكۆى بەغدادى خوێندووە، دواتر وەك رۆژنامەنووس لە رۆژنامەكانى بەعس دا كارى كردووە، دەنگۆيەك هەبوو كە سەدام حسێن ناوەكەى گۆڕيبێت بەڵام خۆى ئەو دەنگۆيەى رەتكردووەتەوە.

 لە ساڵى 1980 و لەسەرو بەندى جەنگى عێراق و ئێراندا لە بەردەم زانكۆى موستەنسەرييەى بەغداد لە لايەن ئەندامێكى حيزبى دەعوەوە هەوڵى تيرۆكردنى دراوەو سەرى نەگرتووە. لە 22/3/1992 تا 9/4/2003 جێگرى سەرۆكوەزيرانى عێراق بووە، لە 24/1/1983 تا 22/3/1992 وەزيرى دەرەوەى عێراق بووە، لە ساڵى 1977 ەوە بووەتە ئەندامى سەركردايەتى بەعس و لە ساڵى 1974 تا 1977 يش وەزيرى راگەياندنى عێراق بووە، چەند مانگێك پێش لە هێرشكردنە سەر عێراق سەردانى ڤاتيكانى كردووەو لە پێشوازييەكى گەورەدا چاوى بە پاپاى ڤاتيكان كەوتووە.

دواى گۆڕانكارييەكانى 2003  تاريق عەزيز لە ريزبەندى ژمارە 12ى دواكراوەكاندا بوو، دواى  تاڵانكردنى ماڵەكەى و خۆشاردنەوەى لەگەڵ خێزانەكەى، بەڵام لە رۆژى 193/2003 خۆي رادەستى هێزەكانى ئەمريكا كرد، لەپ رۆسەى دادگاييكردنى سەرانى بەعسدا بەرگريى زۆرى لە سەدام حسێن و بەرزانى براى و تەها ياسين رەمەزان كردووە.

لەبەرەم حاكم رەئوف رەشيد دا بە ئاشكرا رايگەياند هيچ پەيوەندييەكى بە كارەساتى دوجەيلەوە نييە، لە بارەى پرۆسەى ئەنفاليشەوە بە دادگاى گوتووە هيچ كاتێك لەوبارەيەوە پرس و راى لەگەڵ نەكراوە و هيچ رايەكى لەو بارەيەوە نەبووە. دواى ئەوەى هيچ تاوانێكى لەسەر ساغ نەكرايەوە، ئازادكراو چووەوە نێو خێزانەكەى لە ناسريەو لەژێر چاودێريى هێزەكانى هاوپەيماناندا، تا لە رۆژى 5/6/2015 بەهۆى جەڵتەى دڵەوە گيانى لەدەستدا، لەسەر داواى خێزانەكەى ويستيان بيبەنە ولآتى ئوردن و لەوێ بە خاكى بسپێرن، بەڵام پێش ئەوەى تەرمەكەى بگاتە ئەو وڵاتە لە لايەن دەستێكى ناديارەوە تەرمەكەى دزراو دواتر رادەستى خێزانەكەيان كردەوە بەجۆرێك بەرپرسانى عێراقيش بە بەرپرسى دەزگاى هەواڵگريى عێراقيشەوە نەيانزانى كێ بردوويەتى و تا ئێستاش ئاشكرا نەكراوە.
زيادى كوڕى لە ديدارێكى تەلەفزيۆنيدا پەردە لەسەر ئەو بابەتە هەڵدەداتەوەو دەڵێت: بڕيار بوو رۆژى پێنج شەممە تەرمەكەى باوكم بە فڕۆكەيەكى ئوردنى ببەينە ئوردن، تەرمەكەمان رادەستى فڕۆكەخانە كرد و بڕيار وابوو كاتژمێر شەش فڕۆكەكە بفڕێت، بەڵام كاتژمێر چوار و پەنجا خولەك پێيان راگەيانديين كە تەرمەكە دزراوە ، دواى بەدواداچوون دەركەوت، ژمارەيەك ئۆتۆمبێلى رەش چوونەتە نێو گۆڕەپانى فڕين و تەرمەكەيان دزيوە. 
سەرۆكى دەزگاى هەواڵگريى ئەو كاتى عێراق كە ناوى (محەمەد عەبدوڵا شەهوانى)بوو پێى راگەياندم كە ئەويش نازانێت تەرمەكە كێ بردوويەتى، ئێمە لەو كاتەوە ئيتر خەمي دايكمان بوو، چوون سوارى فڕۆكەكە نەدەبوو، پێمان گووت تۆ ئاسايشت لە مەترسيدايە، ئەوانە كەسانێكى خراپن، تەرمەكەيان دزيوە ئێستا تۆدەتەوێت چيبكيەت؟
بريكارى وەزيرى گواستنەوەى عێراق پياوێكى كورد بوو بەناوى (ئەكرەم زەنگەنە) تەلەفۆنى بۆكردم پێى گوتم وەڵا نازانين تەرمەكەى باوكتان بۆ كوێ براوە. 

دواى شەش كاتژمێر تەرمەكەمان دەست كەوتەوە، كاتێك لە فرۆكەخانە هێنايانە خوارەوە من سەيري تەرمەكەم كرد، باوكمم نەناسييەوە، تەلەفۆنم كرد بۆ دايكم گوتم ئەو تەرمە باوكم نييە، ئەويش گوتى چى لەبەردايە، پێم گوت، بەڵام دواجار سەيرى پشتى دەستى راستيم كرد كە هەفتەى پێشوو ديبووم ، كەمێك خوێنى تێزابوو، ناسيمەوە.

تەرمەكەمان بردە پزيشكى دادى ئوردن و برديانە ژووري توێكاريى، پزيشكێكى هاوڕێى خێزانەكەمان لەگەڵدا بوو، كە ناتوانم ناوى بهێنم، كە بردمانە ژوورى توێكاريى سەيرمان كرد هەموو ئەندامەكانى جەستەى دەرهێنراوە، هيچى تێدانەمابوو، سيى و جگەر و دڵ و تەنانەت مێشكيشيان دەرهێنابوو، من ئەو كارە تەنها بۆ رق لێبوون لە تاريق عەزيزى باوكمان دەگێڕمەوە و هيچى تر. 

تەرمى باوكم كە هێنرايەوە بۆمان و گەشتە ئوردن، تەنها پێست و ئێسكەكەى بوو، بە بێ هيچ كۆئەندامێكى ديكەى، من و سێ هاووڵاتى عێراقى تر و دكتۆرەكەى خۆمان و كەسێكى دى كە ئێستا لە كەناڵي تەغير كاردەكات شۆردمان و بەچاوى خۆمان بينيمان.

ئێمە كە تاريق عەزيزمان ناشت، نە سي و جگەرو نە ريخۆڵەو نە دڵ و نەمێشك و نەهيچ كۆئەندامێكى لەگەڵدا بوو، لە تەوقى سەريەوە كرابوويەوە تا دەگەشتە خوارى ناوكى و دواتر بەتەقەڵ و بەشێوەى شارەزايانە دوريبوويانەوە.

زيادى كوڕي تاريق عەزيز لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێت: لە و شتانەى كە لەگەڵى بوو، كاتژمێرەكەى، دارەكەى دەستى و هەندێك پارە، تەنها خاچى سوور عەينەكەكەيان بۆ هێناينەوە، كە تەنها يادگارييەك لێي مابێتەوە ئەو عەينەكانەيە و هيچى تر..

ئەوەى سەيربوو بەلامانەوە ئەوەيە كە هيچ كەسێك لە عێراقييەكان كێشەيان لەگەڵ باوكم نەبووە، دەستى بەخوێنى كەس سوور نەبووەو لە هيچ گەندەڵييەكيشەوە تێوەنەگلاوە، بەڵام رەفتاركردن لەگەڵ تەرمەكەى بەو شێوەيە كە ئێمە بينيمان بەراستى ئازارى داين و زۆر ناشيرين و نامرۆڤانە و قێزەون بوو.
دواجار تەرمى تاريق عەزيز لە گۆڕستانى پارێزگاى مادباى ئوردن و لەنێو ئاپۆراى خەڵكدا بەخاك سپێردرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP