دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/03/2024

حوسییەکان ڕێککەوتوون کە هێرشنەکەنە سەر کەشتییەکانی چین و ڕووسیا

هەرێم نیوز

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرای کرد، حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەگەڵ چین و ڕووسیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی هێرش نەکەنە سەر کەشتییەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

 ئاژانسی بلومبێرگ دەڵێت، حوسییەکان دڵنیاییان داوەتە چین و ڕووسیا کە کەشتیەکانی ئەم دوو وڵاتە دەتوانن لە ناوچەی کەنداوی عەدەن و هەروەها دەریای سووریش بەبێ هیچ هەڕەشەیەک گەشت بکەن. 

 سەرچاوە ئاگادارەکان بە بلومبێرگیان ڕاگەیاندووە، لە بەرامبەردا مۆسکۆ و پەکین بەڵێنیان داوە پاڵپشتی سیاسیی حوسییەکان بکەن، بەتایبەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

دوای جەنگی غەززە، حوسییەکان کە بەشێکی زۆری یەمەنیان لەژێردەستە، بەتایبەت ئەو بەشەی کە کەناراوی دەریای سوورە و ڕێگەی کەشتییەوانی بازرگانی جیهانییە، هێرشدەکەنە سەر هێڵی کەشتییەوانی وەک خۆیان دەڵێن بۆ پشتگیریکردنە لە خەڵکی فەڵەستین.

ئەم هێرشانەش کێشەی بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی دروستکردووە و بەریتانیا و ئەمریکاش بەهاوبەشی چەندان جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەی حوسییەکان، تەنانەت ئەمریکا بەنهێنی لەگەڵ ئێران کۆبووەتەوە بۆئەوەی داوا لە حوسییەکان بکات هێرشەکان ڕاگرێت.

چین و ڕووسیا بەنزیک و هاوپەیمانی ئێران دادەنرێن، پێشتر نوێنەرانی چین و ڕووسیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی بەریتانیا و ئەمریکایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمەتبار کردبوو کە هێرشەکانیان بۆ سەر حوسییەکان "نایاسایی"یە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP