دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 29/02/2024

ئەگەر تۆ تەنیا بوویت

بەختیار_کەریم_زادە

ئەگەر تۆ تەنیا بوویت و حەزت بەو تەنیایە کرد، ئەوە بزانە تۆ لە کۆمەڵگەیەکی خراپدایت"
ژان پۆل سارتەر، فەیلەسوفی فەڕەنسی

لێرەوە ئەکرێ بڵێین سارتەر مەبەستیەتی بڵێت، مرۆڤ بە تەبێعەتی ئاسایی خۆی حەزی لە تەنیای نیە، بەڵکو ئەوە مامەڵە و ئەخلاقی ئەوانیترە کە وا لە مرۆڤێک ئەکات تەنیای هەڵبژێرێت. هەروەها لەم بۆچوونەی سارتەرەوە تێدەگەین دوو جۆر تەنیای هەیە:

١.تەنیایەکی هەڵبژێردراو
٢.تەنیایەکی زۆرەملێی هەڵبژێردراو

لە جۆری یەکەمدا کەسەکە بە خواستی خۆی، تەنیای هەڵئەبژێرێت بۆ کاتێکی دیاریکراو، وەک ئەوەی پەیامبەران و فەیلەسوفان، وەک ئەوەی پەیامبەر محەمەد ئەچوو بۆ ئەشکەوتی حەرا، ئەم جۆرە تەنیایە کێشە دروست ناکات چونکە هەم خواستی کەسەکەیە هەم کاتێکی زۆر ناخیانێت و کەسەکە دووبارە دێتەوە ناو کۆمەڵگە، بگرە هەندێک کات سودیشی هەیە چونکە کەسەکە لە تەنیای و هێمنیدا بیر دەکاتەوە.

بەڵام جۆری دووەم کێشەیەکی گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دروست ئەکات، بۆچی؟ چونکە کەسەکە نایەوێت بەتەنیا بێت بەڵام کۆمەڵگە بە زۆر ناچاری ئەکەن کە تەنیای هەڵبژێرێت، سەرەنجام کەسەکە گرفتی دەروونی بۆ دروست ئەبێت چونکە دۆخێک ئەسەپێنن بەسەریدا کە ئەو نایهەوێت، وەک ئەوە وایە بە زۆر بتەوێت بەردێکی ڕەق نەرم ببێت، سروشتی بەردیش ڕەقیە نەک نەرمی واتە شتێکی دەرەوەی سروشتی خۆی بسەپێنی بەسەریدا، سەرەنجام هەم دۆخی دەرونی کەسەکە تێکدەچێت، هەم کۆمەڵگەش تاکێک لە دەست دەدات ئاستی وزە و بەرکەوتنی کۆمەڵگە کەم ئەبێتەوە و تا ئەوەی کۆمەڵگە ئەگات بە دۆخی داڕمانی مرۆیی.

ئەوەی ئێستا لە کوردستانی ئێمە دەگوزەرێت هەر ئەمەیە، تاکی کوردی ناسنامەی خۆی وون کردوە، بە ناچاری تەنیای هەڵئەبژێرێت کە لە ناخەوە نایەوێت، هۆکاری ئەم دۆخەش هەر خۆمانین، ئەگەر من تەداخولی ژیانی هاوڕێ و کەسوکارەکەم نەکەم و نەبمە هۆی بێزاری ئەوان، ئەودەم ئەوانیش تەنیای هەڵنابژێرن، بۆیە لە خۆتان بپرسن ئایا قەت کەسێک بە هۆی ئێوەوە تەنیای هەڵبژاردوە؟ کەستان ناچار کردوە لە دەستان ڕابکات و پەنا بباتە بەر تەنیای؟

من دڵنیام منیش و ئێوەش شەریکە بەشین و هەموومان ئەو کارەمان ئەنجامداوە بەڵام حەقیقەتی کە دووبارە نەبێتەوە.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP