دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12/02/2024

ئێران شیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سیخوڕیکردن لە بەریتانیا بەکاردەهێنێت

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی دەیلی مەیل دەڵێت ئێران خەڵکە موسڵمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو بەریتانیادا بەکاردەهێنێت بۆ مەبەستی سیخوڕی کردن.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئەوەی ئاشکراکرد، کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەریتانییە موسڵمانەکانی کردووە بە سیخوڕ بەسەر جوولەکەکان و ئەوانەی نەیاری ڕژێمی ئێرانن، بەمەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری کە وەک ڕۆژنامەکە دەڵێت ڕەنگە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی هێرشبێت لە ناو خاکی بەریتانیادا.

بەرپرسانی بەریتانیا و ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، کە سوپای پاسدارانی ئێران ئەو سیخوڕانەی ڕاسپاردووە بچنە بەریتانیا و زانیاری لەسەر جوولەکە سەرمایەدارەکان یاخود ئامانجی وەک کەنیسەکانیان پێڕابگەیەنن

ڕۆژنامەکە ئەوەشی وتووە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی پێی وتوون کە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، زۆر زیاتر لە ئاستێکی ئاسایی هۆشدارییان بە بەریتانیا داوە و ئەم وڵاتەیان لە ئەگەری پەلامار و مەترسی ئێران یان هێزە پرۆکسییەکانی ئاگادارکردووەتەوە.

تا ئێستا نازانرێت ژمارەی بەکرێگیراو و سیخوڕەکانی ئێران لە بەریتانیا و ئەوروپا چەندن.

هەروەها شارەزایان هۆشدارییان داوە کە بەشێک لە ئێرانییەکانیش کە بە سکۆلەرشیپی حکومیی وەک خوێندکاری نێودەوڵەتی دێن بۆ خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا، سیخوڕن.

لەبارەی چۆنێتی ڕاکێشانی سیخوڕ بۆ خۆیان، ڕۆژنامەکە دەڵێت حکومەتی ئێران بەدوای خەڵکی پاکستانی و عێراقی و لوبنانی دەگەڕێن کە لە بەریتانیا دەژین و شیعە مەزهەبن. بەتایبەت لە عێراق لە مەراسیمی ئەربەعیندا لێیان نزیک دەبنەوە، کە ساڵانە بە ملیۆنان کەس بەشداری تێدا دەکەن.

دەشڵێت، کاتێک سوپای پاسداران ئامانجی تیرۆرکردن یان ڕفاندنی کەسێکیان هەبێت لەناو بەریتانیا، زۆرجار ئەو تۆڕە تاوانکارییانە بەکاردەهێنن کە بنکەکانیان خۆی لە بەریتانیادایە.

بەوتەی پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا، لە ساڵی 2022ەوە سوپای پاسداران هەوڵی داوە زیاتر لە 15 ئێرانیی نەیاری ڕژێم لە بەریتانیا تیرۆر بکات، یان زیانیان پێبگەیەنێت.  

پێشتر، لە ساڵی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و حکومەتی بەریتانیا سزایان بەسەر ١١ بەرپرسی ئێرانی و ئەندامی باندی نێودەڵەتیدا سەپاند کە سەر بە وەزارەتی هەواڵگریی ئێرانی بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP