هەرێم نیوز
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دوو فڕۆکەی بارهەڵگر چەک و پێداویستیی سەربازیی رەوانەی بنکەی سەربازیی خرابەلجیر لە باکووری حەسەکە دەکات.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پێگەی هێزەکانی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دوو فڕۆکەی بارهەڵگر چەک و پێداویستیی سەربازی و لۆجستیی رەوانەی بنکەی سەربازیی خرابەلجیر لە باکووری حەسەکە کردووە.
راشیگەیاندووە، هاوکات کاروانێکی سەربازیی چەک و پێداویستیی سەربازی و لۆجستی، کە پێکهاتبوو لە 80 بارهەڵگر، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بنکەکانیان لە حەسەکە و دێرەزۆر لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کراوە.
ئەوەشی راگەیاندووە، 25 بارهەڵگریان بەرەو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتیی عومەر رۆیشتوون و هاوکات لەگەڵ رۆیشتنی ئەو کاروانە سەربازییەدا و بۆ پاراستنیان لە ئەگەری هەر هێرشێک، فڕۆکەی سەربازی و هەلیکۆپتەری جەنگیی هێزەکانی ئەمریکا بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕانەتەوە.
لە دوای جەنگی غەززەوە نزیکەی 170جار بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق لەلایەن میلیشیا لایەنگرەکانی ئێرانەوە بەئامانجگیراوە.
چەند ڕۆژی ڕابرڕوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات شەهیدبوونی شەش ئەندامی خۆی لە هێرشێکی فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا راگەیاند، دواتریش میلیشیایەكی لایەنگری ئێران هێرشەکەی سەر گەورەترین كێڵگەی لە سوریا گرتە ئەستۆی خۆی.
بەگشتی، 900 سەربازی ئەمریکی لە سوریا هەن، کە وەک بەشێک لە هێزی هاوپەیمانان و هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دەکەن بەمەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی داعش.